بەرهەمی ساڵانەی کارگەکانی بلۆک چوار ملیار بلۆکە
2024-11-09
هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە چوار ملیار بلۆکە، کارگەکانی کوردستانیش ئەو ڕێژەیە بەرهەم دەهێنن.
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێم کە بە موڵک نیوز دراوە، لە هەرێمی کوردستان بلۆکی ئاسایی و پۆنزا بەرهەم دەهێندرێن.
کۆڤان جەلال، بەڕێوەبەری گشتیی پیشەسازی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێم بە موڵک نیوزی ڕاگەیاند، لە هەرێمی کوردستان ٩٦٢ کارگەی بلۆک بوونیان هەیە، ٤٦٨یان لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕینن، ٤٦١یان لە پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانن و ٣٣ دانەشیان لە پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆن.
وتیشی: "کارگەکانی بلۆک پێویستیی هەرێم پڕدەکەنەوە و زیاتر بەرهەم ناهێنن، چونکە سەرجەمیان بەپێی خواست کار دەکەن و بلۆک بەرهەم دەهێنن."