“ئەو دوو کارمەندەی باغی شەقڵاوە کە پارەیان لە ئێمە وەرگرت ئازاد کراون”
baghi

2024-11-10

ئەو دوو کارمەندەی کۆمپانیای عەقاراتی باغی شەقڵاوە، کە لە لقێکێکی کۆمپانیاکە بڕی ٣٥ ملیۆن دۆلاریان لە هاووڵاتییان وەرگرت و بۆیان نەگەڕاندنەوە، ئێستا لە زیندان ئازاد کراون و ئەنجوومەنی مافخوراوانی باغی شەقڵاوەش هەفتەیەک مۆڵەتیان داوەتە کۆمپانیاکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان ئەگەرنا دەست بە ناڕەزایەتییەکانیان دەکەنەوە.

پێشتر ژمارەیەک هاووڵاتی سکاڵایان لەسەر لقێکی کۆمپانیای باغی شەقڵاوە تۆمار کرد و وتیان دوو کارمەندی کۆمپانیاکە بەناوی وەبەرهێنانەوە ٣٥ ملیۆن دۆلاری لێوەرگرتوون و بۆیان نەگەڕێندراوەتەوە، دواتریش ئەو دوو کارمەندە دەستگیر کران و کۆمپانیاکەش وتیان ئەو دوو کارمەندە بێ ئاگاداریی ئەوان ئەو پارەیەیان وەرگرتووە.

مەلا نیهاد، ئەندامی ئەنجوومەنی مافخوراوانی باغی شەقڵاوە بە موڵک نیوزی ڕاگەیاند، دەستگیرکردنی ئەو دوو کارمەندە بە ڕێککەوتن بووە لەگەڵ کۆمپانیاکە، چونکە ئێستا ئازاد کراون و لەگەڵ خاوەن پارەکان دایاندەنیشێنن تا بۆ خەڵکی بسەلمێنن ئەوان خۆیان بێ ئاگاداریی باغی شەقڵاوە ئەو پارانەیان وەرگرتووە.

وتیشی: "بە هیچ شێوەیەک کەیسەکەمان هیچ هەنگاوی نەناوە و بەرپرسانی باغی شەقڵاوە بەس کات دەکوژن، داوامان لێ کراوە بە پارەی کەم سوڵح بکەن، من ملیۆنێک دۆلارم داوە و دەڵێن ٢٠ دەفتەر دۆلارت دەدەینەوە، بۆیە ئێمە ئێستا هەفتەیەک مۆڵەتمان داوەتە کۆمپانیاکە بۆ چارەسەری کۆتایی دوای ئەوە دەست بە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانمان دەکەینەوە."