عێراقییەکان لە پلەی پێنجەمی کڕیارانی خانووبەرەی تورکیا ماونەتەوە
2024-11-16
دەستەی ئاماری تورکیا ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند، عێراقییەکان لە پلەی پێنجەمی کڕیارانی خانووبەرەی تورکیا ماونەتەوە.
بەپێی ئاماری دەستەکە، لە مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوودا فرۆشی خانوو لە تورکیا بە ڕێژەی 76.1% بەرزبووەتەوە بە بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی ڕابردوو و گەیشتووەتە 165 هەزار و 138 خانوو.
ئەو پارێزگایانەی زۆرترین ژمارەی فرۆشی خانوویان تۆمار کردووە بریتین لە؛ ئەستەنبووڵ بە ٢٤ هەزار و ٨١٢، ئەنقەرە بە ١٥ هەزار و ٢٥٧ و ئیزمیر بە ٨ هەزار و ٦٥٨ خانوو.
ئەوەش ئاشکرا کراوە، ڕووسەکان لە کڕینی زۆرترین خانووبەرە لە تورکیا لە ماوەی مانگی تشرینی یەکەمدا لە سەرووی وڵاتانی دیکەوە بوون بە ٣٧٣ خانوو، ئێرانییەکانیش بە ١٧٢ خانوو لە پلەی دووەمدا هاتوون، ئۆکرانیاش بە ١٣٦ خانوو پلەی سێیەمی بەدەستهێناوە، لە دوای ئەویش ئەڵمانییەکان پلەی چوارەمیان بەدەستهێناوە بە 127 خانوو، پاشان عێراق پلەی پێنجەمی بەدەستهێناوە بە کڕینی 124 خانوو.