لە هەولێر ٩ پڕۆژەی نیشتەجێبوون دراون بە دادگا
hawler

2024-11-24

نۆ پڕۆژەی نیشتەجێبوون لە لایەن لیژنەی خزمەتگوزارییەکانی پارێزگای هەولێر دراونەتە دادگا، بەڵام کەیسەکانیان لەسەرخۆ کاریان لەسەر دەکرێت و تا ئێستا یەکلایی نەکراونەتەوە.
پارێزگای هەولێر لیژنەیەکی پێنج کەسیی بۆ چاودێریکردنی خزمەتگوزاریی پڕۆژەکان هەیە و هەر پڕۆژەیەک خزمەتگوزارییەکەی باش نەبێت یان پارەی زیاتر لە بڕی دیاریکراو وەربگرێت سەرەتا ئاگادار دەکرێتەوە، دواتر سزا دەدرێت و بەردەوامیش بێت دەدرێتە دادگا.
یەکێک لە ئەندامانی ئەو لیژنەیە کە نەیویست ناوی بهێندرێت بە موڵک نیوزی ڕاگەیاند، نۆ پڕۆژەی نیشتەجێبوونیان لەسەر کێشەی خزمەتگوزاری داوە بە دادگا، بەڵام ساڵێکە کەیسەکانیان یەکلایی نەکراونەتەوە.
وتیشی: "نازانین بۆچی کەیسەکانیان هێواش دەڕوات، بەڵام ئێمە لەسەر سزادانیان سوورین و هەر پڕۆژەیەکی دیکەش سەرپێچی بکات سزای دەدەین و دەیدەینە دادگا."