پێکهێنانی کابینەی دەیەم سەقامگیری لە بازاڕ دروست دەکات
hawler

2024-12-03

عەقاراتەکان پێیان وایە زوو پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم لە سوودی بازاڕ بەتایبەت بازاڕی خانووبەرەیە.
هۆشمەند قادر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای عەقاراتی پڕۆپ هاوس لە شاری هەولێر بە موڵک نیوزی ڕاگەیاند، پێکهێنانی حکومەت واتای سەقامگیریی سیاسی و سەقامگیریی ئابووریش بە سەقامگیریی سیاسی باشتر جێگر دەبێت و دەبووژێتەوە.
وتیشی: "دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت هاووڵاتییان بەرەو نائومێدی دەبات و نایانەوێت هیچ چالاکییەکی بازرگانی و کڕین و فرۆشتن بکەن و بازاڕ دەوەستێت، ئەوەش بۆ کەرتی عەقارات باش نییە."
لای خۆشییەوە حاجی مەهدی، خاوەنی کۆمپانیای عەقاراتی هاوس لاند لە شاری سلێمانی، بە موڵک نیوزی ڕاگەیاند، ناڵێن بازاڕ ڕاوەستاوە، بەڵام جێگیربوون و جوڵەی بازاڕ پەیوەستە بە پێکهێنانی کابینەی دەیەمەوە.
وتیشی: "بازاڕ چەقی بەستووە و چاوەڕوانی گۆڕانکارییەکە بۆ کرانەوە، کە باشبوونی دابەشکردنی مووچە و پێکهێنانی حکومەتی هەرێم ئەو چەقبەستووییەی بازاڕی خانووبەرە دەشکێنێت."