لە هەولێر زێدەڕۆییەکان بۆ سەر موڵکی گشتی زیادیان کردووە
2024-12-04
وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ یەکە ئیدارییەکانی پارێزگای هەولێر، ئاماژەی بە زۆربوونی زێدەڕۆیی داوە بۆ سەر موڵکی گشتی و بەرپرسیارێتیی ئەو کارەشی بۆ بەرپرسانی یەکە کارگێڕییەکان گەڕاندووەتەوە.
ڕێبەر ئەحمەد جەختی لەوە کردووەتەوە، پێویستە بەپێى یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکان هەر سەرپێچیەک هەبێت ڕاستەوخۆ بڕیارى چارەسەرکردنى لێبدرێت، ئەو کەس و لایەنەشى ڕێگەیان بە ئەنجامدانى زێدەڕۆییەکە داوە ڕێکارى یاساییان لە بەرامبەردا بگیرێتەبەر و وەک تاوانباریش ئیجرائات لەگەڵ هەموو ئەو کەس و لایەنانە بکرێت کە لەسەرحسێبى خەڵکى هەژار و کەمدەرامەت بازرگانى بە موڵکى حکومەت و گشتیى دەکەن.
"هەر زێدەڕۆییەک لەسەر موڵکى گشتیى ئەنجامدرا کە بە هیچ شێوەیەک ڕێگەپێدراو نییە، لایەنى سەرپێچیکار ئاگادار بکرێتەوە ئەو زێدەڕۆییە لاببرێت، بە پێچەوانەوە ئیجرائاتى یاسایی پێویستى لەگەڵ بکرێت"، ئەوەش لە ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە.