لە ڤێتنام بازرگانێکی خانووبەرە بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو
vetnam

2024-12-07

بۆ یەکەمجار دادگای ڤێتنام سزای سێدارەی بەسەر ژنە بازرگانێکی خانووبەرەدا سەپاند، کە تۆمەتبارە بە بەهەدەردانی ١٢ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار لە بانکی بازرگانیی هاوبەشی ئەو وڵاتە.

سزای لەسێدارەدانەکە ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو بەسەر ترونگ می لان درا، دوای ئەوەی دادگای وڵاتەکە دۆسیەی ساختەکاریی ئەو بازرگانەی خانووبەرەی سەلماند.

ئەو ژنە بازرگانە لە مانگی نیسانی ساڵی ڕابردوودا بە تۆمەتی گەندەڵی و بەرتیلدان بە بەهای ١٢ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار دەستگیر کرا.

گەندەڵییەکەی ئەو ژنە بازرگانە ئەوە بووە، کاتێک سەرۆکی بانکی بازرگانیی هاوبەشی ڤێتنام بووە، ڕێگای بە دوو هەزار و ٥٠٠ قەرزی کۆمپانیای خانووبەرە داوە و دەرکەوتووە زۆرێک لەو قەرزانە بە ناوی کۆمپانیا و پڕۆژەی وەهمی بووە و خۆی بەشێک بووە لە مامەڵە ساختەکە.

دادگاکە ڕاستەوخۆ تانەدانی دژی بڕیارەکەیان ڕەتکردووەتەوە، بەڵام ڕایگەیاندووە، ئەگەر ئەو ژنە بازرگانە سێ لەسەر چواری ئەو پارەیە بگەڕێنێتەوە کە بەهەدەری داوە، ئەوا سزاکەی لە لەسێدارەدانەوە بۆ دەکەن بە هەتاهەتایی.