بان سیتی: سەندیکای کرێکاران هەڵە تێگەیشتووە
2024-12-08
دوای ئەوەی لقی گەرمیانی سەندیکای کرێکاران لەسەر خانوو و زەوییەکانی پڕۆژەی بان سیتی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، پڕۆژەکە دەڵێت ئەوە هەڵە تێگەیشتن بووە و ئەوان هەرکەسێک بچێت یەکەیان لێبکڕێت پێیدەفرۆشن.
سەندیکاکە نووسینگەکانی خانووبەرەی گەرمییانی ئاگادار کردبووەوە، هیچ مامەڵەیەکی کڕین و فرۆشتن بە بەشی فراوانبوونی پڕۆژەی "بان سیتی"ـی بامۆکەوە نەکەن، چونکە ئەو پڕۆژەیە موڵکی چینی کرێکارانە و مافی کۆمپانیا نییە هیچ مامەڵەیەکی پێوە بکات.
لە بەرامبەردا سەرچاوەیەک لە پڕۆژەی بان سیتی بە موڵک نیوزی ڕاگەیاند، ئەو قسانەی سەندیکاکە هەڵەتێگەیشتن بووە و ئەو پڕۆژەیەش بازرگانییە و بۆ هیچ چین و توێژێک دروست نەکراوە.
وتیشی: "ئێمە لە پڕۆژەکە سیستمی فرۆشتن و نرخی دیاریکراو هەیە، هەرکەسێک بیەوێت یەکە بکڕێت پێویست ناکات ناوی بچێتە تیروپشکەوە و خۆی ڕاستەوخۆ دەتوانێت ببێت بە خاوەن یەکە."
ئەو سەرچاوەیەی ناو پڕۆژەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت ئەوەشی وت: "پڕۆژەی بان سیتی پرۆژەیەکی نیشتەجێبوونی بازرگانییە و بەو شێوەیەش دەفرۆشرێت و ناکرێت لەسەر داواکاری نرخ و شێوازی تری فرۆشتنی دیکە دیاری بکرێت."
بە وتەی ئەو کەسە، پڕۆژەکە خزمەتگوزاریی دیکەی بۆ زیاد کراوە و لەبەرامبەر جێبەجێکردنی ئەو خزمەتگوزارییانەشدا ئەو فراوانبوونە بۆ پڕۆژەکە کراوە کە نزیکەی ٢٠٠ خانووە.