لە کەلار خانوو گرانە و کرێش هەرزانە

2024-12-23
لە شاری کەلار بەراورد بە گرانیی نرخی کڕینی خانوو کرێی خانووەکان هەرزانن و خاوەنی عەقاراتێکیش دەڵێت، ئەو چینەی لە کەلار خانوو بەکرێ دەگرێت لەوە زیاتر کرێیان پێنادرێت.
ئاودێر مامۆستا شوان، خاوەنی عەقاراتی ئاودێر لە شاری کەلار بە موڵک نیوزی ڕاگەیاند، لەناو کەلار چینێک هەیە دەوڵەمەندە و چینێکیش هەیە هەژارە، ئەو چینە هەژارەش داهاتێکی وای نییە و ناتوانێت لەو بڕەی هەیە زیاتر کرێ بدات.
بەپێی بەدواداچوونێکی موڵک نیوز، خانووێکی ١٢٥ مەتری یەک قات لە شاری کەلار بە ٦٠ هەزار دۆلار دەکڕدرێت و مانگانە ٢٠٠ تا ٢٥٠ هەزار دینار دەدرێت بەکرێ، خانوویەکی ٢٠٠ مەتری یەک قاتیش بە ٨٠ هەزار دۆلار دەکڕدرێت و مانگانە ٣٠٠ بۆ ٣٥٠ هەزار دینار دەدرێت بە کرێ.
بەپێی بەراوردێکی موڵک داتا، ئەو خانووەی لە کەلار بە ٦٠ هەزار دۆلار دەکڕدرێت لە شاری سلێمانی ٤٠٠ هەزار و لە شاری هەولێریش ٤٠٠ دۆلار کرێ دەکات.
خاوەنی عەقاراتی ئاودێر ڕوونیشیکردەوە، دەوڵەمەندەکانی کەلار زۆرینەی کڕینی خانووەکانیان بۆ سپیکردنەوەی پارەیە و بەلایانەوە گرنگ نییە کرێی مانگانەی خانووەکانیان چەند دەکات.