زیاتر لە ٣١ هەزار خانوو و موڵکی دەوڵەت زیادەڕۆیی کراوەتە سەر

2025-01-01
هەزاران خانوو و موڵکی حکومەتی عێراق لە لایەن کەسانی دەستڕۆیشوو و میلیشیاکان و حیزبەکانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە، بەپێی خەمڵاندنەکان تەنها لە بەغدا بە بەهای 45 ملیار دۆلار موڵکی دەوڵەت دەستی بەسەردا گیراوە، بەشێکی زۆریشیان بەڵگەنامەکانیان ساختە کراوە و خاوەندارێتییان گۆڕدراوە.
نوورە بیجاری، پەرلەمانتاری خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای کرد؛ ئامارەکانی بەردەستیان ژمارەی گەورە پیشان دەدەن سەبارەت بەو موڵکانەی دەوڵەت کە دەستیان بەسەردا گیراوە لەلایەن گروپە چەکدارەکان و میلشیاکان و بەرپرسانی حیزب و پارتە سیاسییەکانەوە.
وتوشیەتی: "ساڵی 2022 لیژنەیەکی باڵا بۆ تۆمارکردنی ئەو موڵکانە پێکهات، بەپێی ئامارەکان کە زۆر وردیش نەبوون زیاتر لە 31 هەزار و 378 خانوو و زەوی و موڵکی دەوڵەت لە سەرتاسەری عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان و زەوییە کشتوکاڵییەکان، تۆمار کراون و ڕووبەریان 173 هێکتار زەوی بووە، کە داگیر کراون و دەستیان بەسەردا گیراوە."
بەپێی خەمڵاندنەکانیان بەهای موڵکە داگیرکراوەکان بە ترلیۆنان دینارە، بەشێکی زۆریان لە رێگەی ساختەکردنی بەڵگەنامە و تەزویرەوە بە بەهایەکی زۆر کەم خەمڵێنراون و موڵکدارییان گواستراوەتەوە لە دەوڵەتەوە بۆ خەڵک.