لە گوندێکی هەورامان بە ٧٠٠ کەس شووقەیەک لە تاران دەکڕن

2025-01-07
بەشێک لە گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دانیشتووانەکەی لەناو خۆیاندا پارەیان کۆکردووەتەوە و شوقەیەکیان لە تارانی پایتەختی ئێران کڕیوە، تا هەرکەسێکی گوندەکە بۆ هەر کارێک چووە تاران نەچێتە هۆتێل و بچێتە ئەو شوقەیەوە.
گوندی بڵبەر یەکێکە لەو گوندانەی کە ٧٠٠ کەسی دانیشتوانی گوندەکە پیتاکیان کردووە و شوقەیەکیان لە تاران بە بڕی ١٠٠ هەزار دۆلار کڕیوە.
موئمین بڵباس، کە خزم و کەسوکاری زۆری لە گوندی بڵبەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە بە موڵک نیوزی ڕاگەیاند، بیرۆکەکە لەوەوە هاتووە کە هەرکات نەخۆشی یان ئیشوکاری فەرمانگەیان هەبووبێت دانیشتوانەکەی چوون بۆ تاران و بەهۆی دوورییەکەیەوە چەند شەوێک ماونەوە، ئەو کارەیان کردووە تا چیتر تێچووی هۆتێل نەدەن و هەر کامیان هەرکارێکیان لە تاران هەبێت لەو شوقەیەدا بمێننەوە.
وتیشی: "ئەوە ئێستا لە گوندەکانی ڕۆژهەڵات وەک نەریتی لێهاتووە و جگە لە گوندی بڵبەر هەریەکە لە گوندەکانی زاوەر و دزڵی و چەندان گوندی دیکەش هەمان کاریان کردووە و شوقەیان لە تارانی پایتەخت هەیە."
ئەو کەسایەتییەی ناوچەی هەورامان ئاماژەی بەوەش دا، شوقەکەی گوندی بڵبەر ناوی یانە باوانی لێندراوە بە واتای ماڵی دایک و باوک و نموونەیەکی جوانی هەرەوەزی و هاوکاریی یەکترییە.