هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی بەشێک لە بەشداربووانی پرۆژەی قەلای شێروانە نایاساییە

2025-01-07
لەسەر سکاڵای چەند بەشداربوویەکی پڕۆژەی قەڵای شێروانە سیتی لە شاری کەلار، دادگای بەرایی ڕزگاری بڕیاری نایاساییبوونی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی بەشێک لە بەشداربووانی پڕۆژەکە دەدات.
وەبەرهێنانی گشتیی گەرمییان لە نووسراوێکدا بۆ کۆمپانیای گەلیاوە کە جێبەجێکاری پڕۆژەی قەڵای شێروانە سیتییە نووسیویەتی، بەپێی ئەنجامی لیژنەی دادگای بەرایی ڕزگاری، پڕۆژەکە ٤٣٪ـی کارەکانی تەواو کراوە و ٥٪ـی خزمەتگوزارییەکانیشی کراوە.
لە نووسراوەکەی وەبەرهێنانی گەرمییان بۆ پڕۆژەکە هاتووە: "ڕێژەی کاری ئەنجامدراوی یەکەکان و بڕگە خزمەتگوزارییەکان هاوتا نین لەگەڵ بڕی پارەی قیستی بەشداربووانی ئەو یەکانە، وە بە پێی بڕگەی پێنجەم خاڵی یەکەم لە گرێبەستی نێوان کڕیار و کۆمپانیادا، پێویستە کۆمپانیا لە ماوەی چوار ساڵدا پڕۆژەکە ڕادەستی کڕیارەکانی بکات، کە ٥ـی ٨ـی ٢٠٢٠ دەستبەکار بووە، ئەوەش ماف دەدات بە کڕیار داوای ڕادەستکردن و جێبەجێکردنی خزمەتگوزارییەکان بکات." هەروەک هۆشداریش دراوەتە کۆمپانیاکە کە پێویستە قیستی کڕیاران لە ڕێگەی بانکەوە بێت نەک ڕاستەوخۆ لە لایەن کۆمپانیاوە وەربگیرێت.