کێشەی بەشێک لە کڕیاران و پڕۆژەی قەڵای شێروانە سیتی بەردەوامە
250111042630.jpg)
2025-01-11
لە شاری کەلار کێشە کەوتووەتە نێوان بەشێک لە کڕیارانی پڕۆژەی قەڵای شێروانە سیتی و کۆمپانیاکەوە، کێشەکە چووەتە دادگا و دادگاش لە بەرژەوەندیی کڕیارەکان بڕیاری داوە، پڕۆژەکەش دەڵێت ئەوانەی هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەیان داوە لەنێوان ١٠ تا ١٥ مانگە قیستیان نەداوە.
بەپێی نووسراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنانی گەرمییان، کە پاڵپشتە بە نووسراوێکی دادگای بەرایی ڕزگاری، پڕۆژەی قەڵای شێروانە سیتی ئاگادار کراوەتەوە کە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی بەشێک لە کڕیارەکانی نایاساییە، چونکە ئەو قیستەی لە کڕیارەکان وەرگیراوە هاوشان نییە بەو کارەی لە پڕۆژەکەدا کراوە، چونکە لەگەڵ ئەوەی پێویست بووە پڕۆژەکە ٢٠٢٤ ڕادەست بکرێت، بەڵام تا ئێستا ٤٣٪ـی کارەکانی کراوە و ٥٪ـی خزمەتگوزارییەکانیشی جێبەجێ کراوە.
سەرچاوەیەک لە پڕۆژەی قەڵای شێروانە سیتی کە نەیویست ناوی بهێندرێت بە موڵک نیوزی ڕاگەیاند، ئەوان بەپێی گرێبەست ڕێکاری هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستیان گرتووتەبەر، چونکە ئەو بەشداربووانە لەنێوان ١٠ تا ١٥ مانگ قیستیان نەداوە.
وتیشی: "پێشتر قیستی مانگانەی پڕۆژەکە زیاتر لە ٨٠٠ دۆلار بووە و کراوە بە ٤٣٠ دۆلار، بەڵام هێشتا بەشێک لە مامۆستا و فەرمانبەران پابەندی هێنانی قیستەکانیان نین."