لە کەلار پڕۆژەیەکی ڤێللا دەست بە فرۆشتن دەکات
چاوی کەلار

2025-01-12

لە شاری کەلار پڕۆژەیەکی ڤێللا دەستی بە فرۆشتن کردووە، کە وەک خاوەنی پڕۆژەکە دەڵێت بەهۆی لۆکەیشن و کوالێتیی پڕۆژەکەوە دووبارەبوونەوەی نییە و خواستێکی زۆریشی لەسەرە.
پڕۆژەکە ناوی چاوی کەلارە و لەسەر ڕووبەری ٧٦ دۆنم زەوی ٢٦٠ ڤێللا دروست دەکرێت، کە ٢٢ هەزار مەتر زەویی پڕۆژەکە بازرگانی و گەشتیارییە و دوو ئەکواپارکی گەورەی تێدا دەبێت.
پڕۆژەکە لە باشترین و جوانترین لۆکەیشنی کەلارە، کە کەوتووەتە بەرزترینی کەلار سەروی قەڵای شێروانە لە تەنیشت بەڕێووەبەرایەتیی گشتیی ئاو، نزیک زانکۆی گەرمییانە و بەرامبەر پارکی مامە و خوارەوەی پڕۆژەکەش بازاڕە نوێیەکە و فولکەکەیە، هەروەها ڤیوەکەشی دەریاچەی سیروانە.
سوارە حەسەن حسێن، خاوەنی پڕۆژەی چاوی کەلار بە موڵک نیوزی ڕاگەیاند، دەستیان بە فرۆشتنی پڕۆژەکە کردووە و خواستێکی زۆری لەسەرە، چونکە ئەو پڕۆژەیە یەک جارە و لەو شوێنە دووبارەبوونەوەی نییە.
وتیشی: "دیزاینی ڤێللاکان بە شێوەیەک کراوە کە پشت و پێشیان چۆڵە، هەمووا خاوەن یەکەکان دەتوانن بە ئاسانی دەریاچەی سیروان لەبەردەم ماڵەکانیانەوە ببینن."