"مانگی یەکی ئەمساڵ فرۆشی شوقە لەناو شاری سلێمانی بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردوو"
slemani

2025-02-05

بەپێی قسەی عەقاراتەکانی ناو شاری سلێمانی بێت، پێچەوانەی ساڵەکانی ڕابردوو، مانگی یەکی ئەمساڵ فرۆشی شوقە لەناو شاری سلێمانی بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
بەپێی بەدواداچوونێکی موڵک نیوز، کە لە چەند کۆمپانیایەکی عەقاراتی پرسیوە، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا فرۆشی هاوشێوەی ئێستا نەبووە و داخوازییەکی زۆر لەسەر کڕینی شوقە دروست بووە.
نەبەز جەزا، خاوەنی عەقاراتی ئۆرجیناڵ هاوس بە موڵک نیوزی ڕاگەیاند، دڵنیاییەک دروست بوو کە ئاڵۆزییەکانی سوریا ناگەنە کوردستان، هەروەها بەرزونزمیی دراوەکان و ئاڵتوون ئەو قەناعەتەی لای هاووڵاتییان دروست کردووە وەبەرهێنان لە خانووبەرەدا باشترین ڕێگایە.
هاوکات ئەردەڵان یاروەیس، خاوەنی کۆمپانیای عەقاراتی موڵکی وڵات بە موڵک نیوزی ڕاگەیاند، ئۆفەری زۆر و داشکاندنی نرخی پڕۆژەکان هۆکارێکی دیکەی زۆربوونی ئەو خواستەیە لەسەر شوقە.
بەڵام بە قسەی ئەوان بێت بەهۆی زۆریی پڕۆژەکانی شوقەوە ئەو بازاڕ گەرمییە نەبووەتە هۆکاری نزمبوونەوەی نرخەکان، بەپێچەوانەوە پڕۆژەکان داشکاندن لە نرخەکانیان دەکەن وەک ئۆفەر.