نیو ملیۆن یەکەی نیشتەجێبوون لە ئیستەنبووڵ مەترسیی داڕووخانیان لەسەرە

2025-02-10
وەزیری گۆڕانی کەشوهەوا و ژینگە و شارسازیی تورکیا ڕایگەیاندووە، نیو ملیۆن یەکەی نیشتەجێبوون و شوێنکار لە ئیستەنبووڵ مەترسیی داڕووخانیان لەسەرە.
موراد کوروم، وەزیری گۆڕانی کەشوهەوا و ژینگە و شارسازی تورکیا ئاماژەی بەوەش داوە، ملیۆنان کەس لە ئیستەنبووڵ لەو 600 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونەدا دەژین، کە لەوانەیە لە هەر چرکەساتێکدا بڕوخێن.
دوای ئەوەی تەنیا لە ماوەی شەش ڕۆژدا 570 بومەلەرزە دەریای ئیجەیان هەژاند، ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆر هاووڵاتییانی تورکیا و باکووری کوردستانی گرتووەتەوە و دەترسن بوومەلەرزەیەکی بەهێزی هاوشێوەی بوومەلەرزەکەی دوو ساڵ لەمەوبەر ڕوو بدات.
ئەو لێدوانەی موراد کوروم لە کاتێکدا دێت، چوار مانگ لەمەوبەر سەرۆکی کۆمەڵەی گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست لە ئەگەری ڕوودانی بوومەلەرزە، سینان تورککان ڕایگەیاندبوو، لە ئەگەری ڕوودانی بومەلەرزەدا نزیکەی 650 هەزار باڵەخانە لە ئیستەنبووڵ مەترسیی ڕووخانیان لەسەرە.