لە سلێمانی خواست لەسەر زەوی تا ئاستی سفر نزیک بووەتەوە

2025-02-22
لەناو شاری سلێمانی و لەسەرجەم ناوچەکان نرخی زەوی بە ڕێژەی بەرچاو دابەزیوە، بە وتەی عەقاراتەکانیش خواست لەسەر زەوی تا ئاستی سفر نزیک بووەتەوە.
خاڵە بەکر، خاوەنی عەقاراتی خاڵە بەکر، کە نزیکەی ٣٠ ساڵە کاری عەقارات دەکات بە موڵک نیوزی ڕاگەیاند، هەندێ خواست لەسەر زەوی هەیە لە گەڕەکەکانی تووی مەلیک، عەلی ناجی، ئاشتی، بەختیاری، ڕزگاری و ڕیعایە لەگەڵ زەوییەکانی سەر شەست مەترییەکە و شەقامی سالم.
ئەو ئاماژەی بەوەش دا، ئەو خواستەش بۆ زەوییە بازرگانییەکانە بۆ دروستکردنی بینا و پڕۆژەی بازرگانی.
وتیشی: "زەوییە بازرگانییەکان تا ٥٠ هەزار دۆلار نرخەکانیان دابەزیوە و زەوییەکانی دیکەش لەنێوان ١٠ تا ٣٠ هەزار دۆلار نرخیان دابەزیوە، لە ناوچە نیشتەجێبوونەکانی دیکەش خواست تا ئاستی سفر لەسەر زەوی کەمبووەتەوە."
ئەو هۆکارەکەی بۆ بێمووچەیی و پێکنەهێنانی حکومەت و ناجێگیریی بارودۆخی سیاسیی هەرێم گێڕایەوە.