لە پارێزگای دهۆک ٧ پڕۆژەیان کاریان تێدا ناکرێت

2025-02-24
بەپێی بەدواداچوونێکی موڵک نیوز، لە کۆی ٤٥ پڕۆژەی نێشتەجێبوون لە پارێزگای دهۆک ٧ پڕۆژەیان کاریان تێدا ناکرێت و وەستاوەن، بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی دهۆک دەڵێت ئەو پڕۆژانە هی وەبەرهێنان نین و موڵکی تایبەتن و مۆڵەتی شارەوانییان هەیە.
پڕۆژە وەستاوەکان بریتین لە دهۆک تاوەر ٢، دهۆک تاوەر ٣، سکنیچەر تاوەر، نیو سێمێل، MB تاوەر شندوخا، کراون تاوەر و مەرین سیتی ڤێللا.
هەڤاڵ سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی دهۆک بە موڵک نیوزی ڕاگەیاند، هەریەکە لە پڕۆژەکانی دهۆک تاوەر ٢ و دهۆک تاوەر سێ، لەگەڵ MB تاوەر شندوخا و مەرین سیتی زەویی تایبەت بوون و مۆڵەتی شارەوانییان هەیە و ئەوان لێی بەرپرس نین.
وتیشی: "سکنیچەر تاوەر ئێستا کار دەکات و زۆری نەماوە تەواو بێت، نیو سێمێلیش هەندێ ئیجرائاتی ماوە و لە تەواوبووندایە و دەست بە کارکردن دەکاتەوە."