وەبەرهێنانی سلێمانی ئۆفەر و لێخۆشبوونی بۆ وەبەرهێنەران هەیە
slemani

2025-03-04

وەبەرهێنانی سلێمانی ژمارەیەك ئۆفەر و بەخشین بۆ ئەو پڕۆژانەی وەبەرهێنان ڕادەگەیەنێت، كە لە دەرەوەی ماستەرپلانی سلێمانی ئەنجام دەدرێن.
ئامانج جەلال فایەق، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی بە وەكالەت بە موڵك نیوزی ڕاگەیاند، ئەو بەخشین و هاوكارییانە بۆ زیاتر هاندانی وەبەرهێنەرانە تا فۆكەسیان لەسەر چەقی سلێمانی ببەنە دەرەوە و لە دەوروبەری و دەرەوەی سنووری ماستەرپلان پڕۆژەی وەبەرهێنان ئەنجام بدەن.
وتیشی: "ئێستا پڕۆژەكان هەموو لە سەنتەری سلێمانی و ناو سنووری ماستەرپلان كۆبوونەتەوە و شارەكەش چیدیكە بەرگەی ئەو هەموو پڕۆژەیە ناگرێت." لەو هاوكارییانەی باس كراوە بریتییە لە بەخشینی پڕۆژەكان لە كرێی خزمەتگوزاریی پڕۆژەكانیان كە ١٪ـی نرخی پڕۆژەكانە. هەروەها بەخشینیان لە نرخی هاندراوی بانەوانی و تەملیك لەسەر زەویی تەرخانكراو. جگە لەوانەش قەبارەی سەرمایەی وەبەرهێنانیان بۆ كەم دەكرێتەوە بەتایبەت ئەو پڕۆژانەی لە بواری كشتوكاڵی و پیشەسازیدا ئەنجام دەدرێن.