لە کەرکوک زیاتر لە ١٠٠ هەزار خانووی زیادەرۆ تاپۆ دەکرێن

2025-09-01
شارەوانیی كەركوك خانووە زیادەڕۆکان تاپۆ دەكات و پارەی تاپۆكردنەكەش بە قیستی 20 ساڵ لە خاوەنی خانووەكان وەردەگیرێت، بەڵام ئەو خانووانەی ئەمساڵ بە زیادەڕۆ دروستکراون تاپۆ ناکرێن.
ئەحمەد عومەر، سەرۆكی شارەوانیی كەركوك بە موڵك نیوزی ڕاگەیاند، بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق خانووە زیادەڕۆکان تاپۆ دەكرێن و هەنگاوی یەكەمیش ئەوەیە بانگەوازێكیان كردووە بۆئەوانەی لە خانووی زیادەڕۆدان ناویان تۆماركەن لە شارەوانیی كەركوك.
وتیشی: "سەرەتا ١٠٪ـی پارەی تاپۆكردنەكە دەدرێت و٩٠٪ـی پارەكەی دەمێنێتەوە بە قیستی ٢٠ ساڵ لە خاوەن خانوو وەردەگیرێت. ئەو خانووانەی تاپۆ دەکرێن دەبێت پێش مانگی ١٢ـی ساڵی ٢٠٢٤ خانووەكە دروست كرابێت."
بەپێی زانیارییەكان، لە سنووری شارەوانیی كەركوك ٩٢ هەزار خانووی زیادەڕۆ لە شارەوانی تۆماركراون. پێشبینی دەكرێت لەگەڵ ئەو خۆتۆماركردنەی كراوەتەوە ١٠ هەزارخانووی تریش تۆمار بكرێن.
"هێشتا خەمڵاندنی تێچووی تاپۆکردنەکەمان نەکردووە، بەڵام دەزانین کە پارەیەکی زۆر نابێت"، ئەوەش قسەی سەرۆکی شارەوانیی کەرکوکە.