"ڕیکلام و ئیڤێنتی تایبەت بۆ ئەو پڕۆژە نیشتەجێبوونانە دەکەین کە هەموو ئیشوکارێکی یاسایی و ئیدارییان تەواو کردووە"
2026-07-13
ئامانج جەلال، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی:
ڕیکلام و ئیڤێنتی تایبەت بۆ ئەو پڕۆژە نیشتەجێبوونانە دەکەین کە هەموو ئیشوکارێکی یاسایی و ئیدارییان تەواو کردووە
بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی و دەستەیەکی یاوەری لە بەڕێوەبەرایەتییەکەی سەردانی پڕۆژەکان دەکەن، کە لەناویاندا پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون هەن، بەڕێوەبەرەکە دەڵێت، سەردانەکە بۆ پاڵپشتی و هاندان و لەنزیکەوە ئاگاداربوونی پلانەکانیانە و بەنیازیشن ڕیکلام و ئیڤێنت بۆ پڕۆژە نیشتەجێبوونەکان بکەن کە هیچ کێشەیەکی ئیداری و یاساییان نییە.
ئامانج جەلال، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی بە موڵک نیوزی ڕاگەیاند، ئەوان بەردەوام سەردانی هەموو پڕۆژەکان دەکەن لە هەموو بووارەکاندا بە نیشتەجێبوونەکانیشەوە و ساڵی ڕابردوو ٤٠ تا ٥٠ پڕۆژەیان بەسەرکردووەتەوە.
وتیشی: “لە سەردانەکەماندا ئامانج و پلانی پڕۆژەکان و پڕۆژە نیشتەجێبوونەکان دەزانین. هەروەها پەیامێکیشە کە ئەو پڕۆژانەی سەردانیان دەکەین هیچ کێشەی یاساییان نییە، مۆڵەتیان هەیە و ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی باڵاوی وەبەرهێنانیان هەیە و فەرمانی دەستبەکاربوونیان هەیە و هەموو ڕێکارەکانیان تەواوە. هەروەها پاڵپشتیی ئێمەشە بۆ وەبەرهێنەرەکانمان کە بەردەوام ئەنجاممان داوە.”
ئامانج جەلال بەلایەوە ئاساییە ئەگەر سەردانەکانیان لەلایەن پڕۆژە نیشتەجێبوونەکانەوە وەک ڕیکلام بۆ خۆیان بەکاربهێنن و دەشڵێت: “بەرنامەمان هەیە لە داهاتوودا بۆ ئەو پڕۆژانەی نیشتەجێىوون کە هەموو ئیشوکارە یاسایی و ئیدارییەکانیان تەواوە لە ڕووی مۆڵەت و ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان ڕیکلام و ئیڤێنتی تایبەتیان بۆ دەکەین تا گەرموگوڕی بدەی بە شێوازی بەبازاڕکردنیان.”
ناوبراو جەختی لەوە کردەوە، سەردانی هیچ پڕۆژەیەک ناکەن ئەگەر هەر جۆرە کێشەیەکی یاسایی و کوالێتی و ئیداریی هەبێت.