١٤ هەزار فەرمانبەر لە ڕاپەڕین چاوەڕێی زەوین؛ دوو کێشە دابەشکردنیان ڕاگرتووە
2026-07-19
١٤ هەزار فەرمانبەر لە ڕاپەڕین چاوەڕێی زەوین؛ دوو کێشە دابەشکردنیان ڕاگرتووە
رانیە، موڵک نیوز
لە ئیدارەی ڕاپەڕین ١٤ هەزار فەرمانبەر مافی وەرگرتنی پارچەزەویان هەیە، بەڵام تا ئێستا تەنها ٥ هەزار پارچەزەوی ئامادەکراوە و دوو کێشەی سەرەکی بوونەتە هۆی دواخستنی پرۆسەی دابەشکردن.
ڕێباز پیرۆت، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی ڕاپەڕین، بە موڵک نیوزی ڕاگەیاند یەکێک لەو کێشانە پەیوەندی بە قەرەبووی جوتیاران هەیە. بەگوتەی ئەو، پێشتر قەرەبوو بە ٤٪ دەدرایەوە، بەڵام بە بڕیاری وەزارەتی دارایی ئەو ڕێژەیە بۆ ٢٪ کەم کراوەتەوە و جوتیارانیش بەو بڕیارە ڕازی نین.
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکان ئاماژەی بەوەش دا کە کێشەی دووەم پەیوەندی بە زەوییە کشتوکاڵییەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی هەیە، چونکە وەزارەت ڕازی نییە ئەو زەویانە بۆ دابەشکردن بەسەر فەرمانبەراندا بگوازرێنەوە.
بەپێی وتەکانی، ئێستا تێگەیشتنێکی سەرەتایی لەگەڵ وەزارەتی دارایی بۆ چارەسەرکردنی بابەتی قەرەبووی جوتیاران دروست بووە و ئەگەر ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ بکرێت، نزیکەی ٨ تا ١٠ هەزار پارچەزەوی ئامادەی دابەشکردن دەبن.
هەروەها ئاشکرای کرد کە بابەتی زەوییەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی لەگەڵ قوباد تاڵەبانی باس کراوە و چاوەڕوانی چارەسەرکردنی ئەو کێشەش دەکەن.
ڕێباز پیرۆت لە کۆتاییدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئامانجیان ئەوەیە لە قۆناغی یەکەمدا لانیکەم زەوی بۆ ٥٠٪ی فەرمانبەران ئامادە بکرێت و دەست بە پرۆسەی دابەشکردنیان بکرێت
داتا و ژمارە:
١٤,٠٠٠ فەرمانبەر مافی وەرگرتنی زەویان هەیە.
٥,٠٠٠ پارچەزەوی ئێستا ئامادەیە.
٢ کێشەی سەرەکی ڕێگری لە دابەشکردن دەکات.
٤٪ → ٢٪ گۆڕانکاری لە قەرەبووی جوتیاران.
٨–١٠ هەزار پارچەزەوی لە ئەگەری چارەسەری کێشەکاندا ئامادە دەبن.
٥٠٪ فەرمانبەران ئامانجی قۆناغی یەکەمی دابەشکردنن