"لە ماوەی داهاتوودا چەندین دەستپێشخەریی نوێ بۆ گەشەپێدانی کۆمپانیاکانی سەڕافی دەستپێدەکات"
2026-07-26
بانکی ناوەندی عێراق ڕایگەیاند لە ماوەی داهاتوودا چەندین دەستپێشخەریی نوێ بۆ گەشەپێدانی کۆمپانیاکانی سەڕافی دەستپێدەکات، بە مەبەستی فراوانکردنی چالاکییەکانیان و زیادکردنی سەرچاوەکانی داهات.
لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەڕێوەبەر و سەرۆکانی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی کۆمپانیاکانی سەڕافی، نیزار ناسر حوسێن، پارێزگاری بانکی ناوەندی، جەختی لەسەر گرنگی زیندووکردنەوەی ئەم کەرتە کردەوە و وتی بانك هەوڵ دەدات ڕۆڵی کۆمپانیاکانی سەڕافی لە پشتیوانیکردنی ئابووری نیشتمانی بەهێزتر بکات.
بانکی ناوەندی هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە پرۆگرامی نوێ بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی پابەندبوون بە یاسا، حوکمڕانی باش و ستانداردە نێودەوڵەتییەکان جێبەجێ دەکرێت، چونکە ئەمانە بنەمای سەرەکی بۆ زیادکردنی متمانە بە کۆمپانیاکانی سەڕافی و فراوانکردنی خزمەتگوزارییەکانیانن.
پارێزگاری بانکی ناوەندی داوای کرد کۆبوونەوەی بەردەوام لەگەڵ نوێنەرانی کۆمپانیاکانی سەڕافی بەردەوام بێت، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و خێراترکردنی پرۆسەی چاکسازیی کەرتی دارایی لە عێراق.