فەرمانگەی میدیاو زانیاری: 102 پڕۆژەی نیشتەجێبوون مۆڵەتیان وەرگرتووە لەكابینەی نۆیەم
farmangay media w zanyari

2026-07-26

فەرمانگەی میدیاو زانیاری: 102 پڕۆژەی نیشتەجێبوون مۆڵەتیان وەرگرتووە
لەكابینەی نۆیەم
​فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە کابینەی نۆیەمدا 856 پڕۆژەی جۆراوجۆری وەبەرهێنان جێبەجێ کراون، کە تێکڕای سەرمایەی وەگەڕخراو تێیاندا گەیشتووەتە زیاتر لە 25 ملیار دۆلار و زۆرترین پشکی ئەو سەرمایەیەش بۆ کەرتەکانی نیشتەجێبوون و گەشتیاری تەرخان کراوە.
​دوێنێ پێنجشەممە، 23ـی 7ـی 2026، فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی پڕۆژەکانی وەبەرهێناندا 856 پڕۆژەی جۆراوجۆر لە هەرێمی کوردستان کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە کۆی گشتیی سەرمایەی پڕۆژەکان دەگاتە (25,298,000,000) دۆلار.
​ئاماژەی بەوەش کردووە، سەرمایەی پڕۆژەکان بەسەر کەرتە جیاوازەکاندا دابەش کراون؛ لە کەرتی نیشتەجێبووندا 102 پڕۆژە بە گوژمەی زیاتر لە هەشت ملیار و 527 ملیۆن دۆلار جێبەجێ کراون، لە کەرتی گەشتیاریشدا 118 پڕۆژە بە سەرمایەی حەوت ملیار و 913 ملیۆن دۆلار کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە. هاوکات لە کەرتەکانی پیشەسازی و بازرگانیدا، 451 پڕۆژە مۆڵەتیان پێ دراوە کە سەرمایەکەیان نزیکەی حەوت ملیار دۆلارە.
​بەپێی ئامارەکەی فەرمانگەکە، پڕۆژەکانی دیکە بەسەر کەرتەکانی تەرخانکراو بۆ خزمەتگوزارییە گشتییەکاندا دابەش کراون، کە بریتین لە 30 پڕۆژەی کشتوکاڵی، 73 پڕۆژەی فێرکردن، و 47 پڕۆژەی تەندروستی.
لەگەڵ ئەمانەشدا دەیان پڕۆژەی دیکەی تایبەت بە بوارەکانی وەرزش، خزمەتگوزاری، هونەر و بانکەکان بە سەدان ملیۆن دۆلار وەبەرهێنیان تێدا کراوە.