"ئەو پارەیەی بۆ خزمەتگوزاریی کەرتەکەمان داندرا نادیارە"
2026-08-03
خاوەن زەوییەکانی هەشتی حەسارۆک:
ئەو پارەیەی بۆ خزمەتگوزاریی کەرتەکەمان داندرا نادیارە
خاوەن زەوییەکانی کەرتی هەشتی حەسارۆک لە شاری هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێن، ئەو پارەیەی بۆ ئەنجامدانی خزمەتگوزاری تەرخان کرا دیار نییە.
پێشتر شارەوانیی هەولێر چەند زەوییەکی گرانبەهای لەو گەڕەکە فرۆشت و بە نووسراوی فەرمی پارەکەی تەرخان کرد بۆ خزمەتگوزاری لە هەشتی حەسارۆک و لە ژمارە حسابییەک پارەکە داندرا، بەڵام خاوەن زەوییەکان دەڵێن ئەو پارەیە نادیارە.
ئەوان دەڵێن: “نزیکەی دوو مانگە پارەکە ئامادەیە سەرفی ناکەن، دەرخستەی پڕۆژەش ئامادەیە و نوێنەرمان هەموو ڕۆژێك سەردانی وەزارەت لای کاك ساسان و کاك ئومێد صەباح دەکات هەر هەفتە و بەڵێنێك دەدەن، بۆیە دانبەخۆداگرتنمان تەنها ئەم هەفتەیە و لەسەر قسەی نوێنەری گەڕەکەکەمان هیچ کاردانەوەیەکی خراپمان نەبووە.”
ئەوان نووسیویشیانە: “داوای پارەی فرۆشتنی زەوییەکانمان دەکەین، کە لەناو گەڕەکەکە فرۆشراوە.”
هۆشداریشیان داوە ئەم هەفتەیە کۆتا مۆڵەتە بۆ ئەم ناعەدالەتییەی بەرامبەریان دەکرێت.