تورکیا ڕەگەزنامەی وڵاتەکەی لە ٦٨٧ بیانی وەرگرتەوە دوای ئاشکرابوونی تۆڕێکی گەورەی مافیای خانووبەرە
2026-08-15
تورکیا ڕەگەزنامەی وڵاتەکەی لە ٦٨٧ بیانی وەرگرتەوە دوای ئاشکرابوونی تۆڕێکی گەورەی مافیای خانووبەرە
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا بڵاوی کردووەتەوە کە ڕەگەزنامەی تورکی لە ٦٨٧ کەسی بیانی وەرگرتووەتەوە، کە دەیان هاوڵاتی عێراقیشی تێدایە، دوای ئەوەی لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە ئەم کەسانە بە شێوەی نایاسایی و بە پشتبەستن بە بەڵگەنامە و زانیاریی دەستکاریکراو، ڕەگەزنامەی تورکیایان بەدەستهێناوە، هەروەها دەیان کەسیان خەڵەتاندووە بە ناوی کڕینی موڵک، گوایە ڕەگەزنامەی تورکیان پێ دەدرێت.
تورکیا ڕێکارەکانی ئەم ئۆپەراسیۆنە لە ١٦ شاری جیاوازی تورکیا بەڕێوە بردووە. وەزارەتی ناوخۆی تورکیا دەڵێت ئەمانە باندێکی فێڵکردن بوون لە بواری خانووبەرە، کە دەیان بەڵگەنامەیان ساختە کردووە و فێڵیان لە گەشتیاران کردووە بە ناوی ئەوەی ڕەگەزنامەی تورکیان بۆ وەردەگرن لە بەرامبەر کڕینی موڵک.
تۆڕەکە سیستەمێکی تایبەتی بۆ دەستکاریکردنی ڕاپۆرتەکانی هەڵسەنگاندنی نرخی خانووبەرە بەکارهێناوە. ئەندامانی تۆڕەکە خانووبەرەیان بە نرخێکی کەم دەکڕی، بەڵام دواتر لە ڕاپۆرتە فەرمییەکاندا نرخی ئەو موڵکانەیان بە شێوەی ساختە بەرز دەکردەوە بۆ نرخی بەرزتر، بۆ ئەوەی ڕەگەزنامەی تورکی پێ بەدەست بهێنن.
ئامانجی سەرەکی ئەوە بووە کە بەهای موڵکەکان لەسەر کاغەز بگەنە ئەو سنوورەی کە یاسای تورکیا بۆ بەدەستهێنانی هاوڵاتیبوونی لە ڕێگەی وەبەرهێنانی خانووبەرە دیاری کردووە، لە کاتێکدا نرخی ڕاستەقینەی موڵکەکان لەو بڕە کەمتر بووە. وەزارەتی ناوخۆی تورکیا دەڵێت کۆی بڕی پارەی پەیوەندیدار بەو پرۆسەیە بە نزیکەی ٢.٥ ملیار لیرەی تورکی خەمڵێنراوە.
لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکە، هێزە ئەمنییەکان توانیویانە ٧٢ کەس دەستگیر بکەن کە گومان لە بەشدارییان لە تۆڕەکە هەیە