"پڕۆژەکەی ناو پارکی هەواری شار زۆر ستراتیژی و گرنگە بۆ شاری سلێمانی"
2026-08-17
ئامانج جەلال، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی بۆ موڵک نیوز:
پڕۆژەکەی ناو پارکی هەواری شار زۆر ستراتیژی و گرنگە بۆ شاری سلێمانی
بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی دڵنیایی دەدات ئەو پڕۆژەی لەناو هەواری شاری سلێمانی دەکرێت هیچ پەیوەندیی بە بەشە ئەکتیڤەکەی پارکەکەوە نییە. لە هەمان کاتدا بە پڕۆژەیەکی ستراتیژی و گرنگ بۆ سلێمانی وەسفی دەکات و دەڵێت: پڕۆژەکە بەهاکەی ٣٠٠ ملیۆن دۆلارە.
چەند ڕۆژێکە ناڕەزایەتییەک دروست بووە لەسەر تەرخانکردنی زیاتر لە ١٧٠٠ دۆنم زەوی بۆ دروستکردنی پڕۆژەیەکی میکس لەناو پارکی هەواری شار و قسەی جۆراوجۆری لەبارەوە کرەوە.
ئامانج جەلال، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی بە موڵک نیوزی ڕاگەیاند، پڕۆژەکە گەشتیاری و تەرفیهییە و شووقە و ڤێللای تێدا نییە، بەڵکوو پڕۆژەکە لە هەموو ئەو چالاکییانە پێکدێت پێشتر لە ماستەرپلانی پارکەکە هەبوون و جێبەجێ نەکراون و بوودجەی پێویستیش لەبەردەست نییە دروست بکرێن، بۆیە دراوەتە کۆمپانیای کەرتی تایبەت.
وتیشی: “زەوییەکە دەکەوێتە بەشی باکووری پارکی هەواری شارەوە. هیچ سەوزاییەکی تێدا نییە و هەمووی گردۆڵکە و زەویی تەختە. پڕۆژەکە زۆر گرنگە لە ڕووی گەشتیاری، هۆتێلی پێنج ئەستێرە، یاریی منداڵان، باخچەی ئاژەڵان، هۆڵی کۆنفرانس و چەندان بەشی دیکە.”
بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی ئاماژەی بەوەش دا، پڕۆژەکە لە مامەڵە سەرەتاییەکانیدایە و هەمووی بەپێی یاسا و ڕێنماییەکان کراوە و ئەوان وەک وەبەرهێنان بیرۆکەکەیان پەسەند کردووە و ئەنجوومەنی شارەوانیش ئەو زەوییەی بۆ تەرخان کردووە.