هۆشمەند

هۆشمەند قادر

هۆکاری گرانی نرخی موڵک لە شاری هەولێر چییە ؟

2024-03-30

هۆکاری گرانی نرخی موڵک لە شاری هەولێر چییە ؟

 

١. نەبوونی سیستەمی بانکی لە هەرێمی کوردستان وشاری هەولێر ، بونی پارەیەکی زۆر لە بازاڕ ومامەڵەکاندا و نەبوونی متمانەی خەڵک بە بانکە حکومییەکان ئەمە وادەکات ئەو پارەی هەیەتی بچێت لە کڕینی موڵکێک سەرفی بکات بەمەبەستی پارستن و لەدەست نەدانی .

٢. کۆچی هاوڵاتیانی گوند و شارۆچکەکان بۆ سەنتەری شارە گەورەکان بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و دەست نەکەوتنی زۆرێك لە پێداویستیەکانی ڕۆژانە لەدەرەوەی شارەکان. دامەزراندنی خەڵکێکی زۆر ئەمە جگە لە کەمی ئیش و کار لە قەزا و ناحیەکان و ئیهمال کردنیان لەلایەن حکومەتەوە. ئەمە دوای ٢٠٠٣ بە ئاشکرا بەدی کرا .

٣. نەبوونی پلانی حکومەت بۆ کێشەی نیشتەجێبوون ڕاوەستانی پێدانی پێشینەی خانووبەرە، هاوکاری نەکردنی حکومەت لە کارئاسانی پێدانی کەل وپەلی بیناسازی ئەمە وادەکات نرخی موڵک لە شار بەرزبێتەوە.

٤. گران بونی کەل وپەلی بیناسازی و پێداویستی خانووبەرە بە بەراورد لە ساڵانی پێشوو ئەمە دوای هاتنی کۆڤید١٩ بە ڕوونی بەدی دەکرێت، ئەمە هۆکارێکی جیهانییە نرخی مەوادی بینا بەرزبۆتەوە. 

٥. نەبوونی شارەزایان و پسپۆران، نەبوونی بۆرسەیەکی دروست بە جۆرێکە کۆمەڵە عەقاراتێک دەستیان لە گۆڕانکاری و بەرزکردنەوەی نرخەکان هەیە لەبەرژەوەندی خۆیان و بەمەش گۆڕانکاری لە بەها و نرخ روودەدات. بە نرخێکی نا ڕاستەقینە دەگاتە کڕیار، پێویستە نرخەکان لە چوارچێوەی پلانی ساڵانەی حکومەت بێت بۆ بازرگانییە قورسەکان کە کاریگەری خراپی نەبیت بەسەر داهاتوی ئابووری تاک و حکومەت .

٦. نەبوونی بۆرسەی پشک و قەواڵە بۆ ئەوەی خەڵک و پیاوانی بازرگان تێیدا وەبەرهێنان بکەن، لەوساتەدا پارەکانیان لە کڕینی موڵک و شوقە و عەقارات دا بەگەڕ دەخەن بەمەبەستی قازانج، هەموو پارەکانیان خستۆتە ئەم سەبەتە. ئەمەش پێچەوانەی سیستەمی ئابووری و داراییە کەدەڵێت وەبەرهێنان لە گشت لاوە بکەن و هێلکەکانتان مەخەنە یەک سەبەتە.

٧. نەبوونی سیستەمی باجی ڕێک و پێک و نادادپەروەری لە باج دا، بەشێک لە خۆدزێنەری باج پارەکانیان لەم کەرتە بەگەڕ دەخەن و حکومەتیش بێ پلان و بێ ئاگایە. ناتوانێت باجیان لێ وەربگرێت و ئەمەش هۆکارێکی تری گرانی نرخی موڵکە.

٨. بوونی کەلتووری بوون بە خاوەن خانوو، لە مناڵیەوە واڕادەهێنرێن کەوا یەکەم ئیشی ژینمان ئەوە بێت ببین بە خاوەن خانوو، لەم ڕۆژگارە کرێچی بوون عەیبەیە، بوون بەخاوەنی خانوو لە داهاتوو گرنەتی ژیانت مسۆگەر دەکات و لە پیری دا بۆئەوەی ببێت سەرچاوەی داهات بۆ ژیانت ئەمەش هۆکارێکی تری نرخی خانووە، چونکە لەم وڵاتەدا هیچ سیستەمێکی دڵنیایی و بیمەی کار و خانەنشینی نییە. سیستمەێکی سەرمەیایەدارین بۆیە هەبوونی خانوێک باشترینە. 

٩. هەبوونی پارەیەکی زۆر لەم ساڵانەی ڕابوردوو لە تەواوی عێراق و دوای کۆتایی هاتنی رژێمی صەدام بەگشتی پارە زۆر بوو، باش بوونی گوزەرانی خەڵک و زیاد بوونی پارە لە ماڵەکاندا و زیاد بوونی موچە و باش بوونی دۆخی ئابووری بەرزبوونەوەی داهاتی تاکە کەسی خەڵکێکی زۆر ڕووی لە کڕینی موڵک کرد. 

١٠.  بە سپی کردنەوەی پارە لەم کەرتە بە ڕوونی دەردەکەوێت، کەسانێک هەن لە م کەرتە پارەیەکی نایاسایان هەیە و بەکڕینی موڵک پارەکانیان ساخ دەکەنەوە. ئەمە کاریگەری راستەوخۆی لە سەر نرخ و کڕین و خەڵکی ئاسایی دەبێت.

١١. هاتنی بەلێشاوی باشوری بۆ شاری هەولێر لەم ساڵانەی رابردوو و کڕینی موڵکیان لەم چەند ساڵەی ڕابردوو لە شاری هەولێر بە پێی داتایەکی راست ٪٢٠ خاوەن موڵک لە شاری هەولێر، هاوڵاتیانی باشورن کە زۆربەیان بە هۆکاری ئەمنی و سیاسی ڕوویان لە شاری هەولێر کردووە.

١٢. بوونی ئەمن و ئاسایشی توند لە شاری هەولێر، ئەمە وای کردوە خەڵکی شارەکانی باشور و شارەکانی تری هەرێمی کوردستان ڕوو بکەنە شاری هەولێر. ڕاستەیەکی تریش هەیە کە دەبێت دانی پێدابنێن ئەویش خزمەتگوزاریەکانی وەک ڕێگاو بان و بونی باڵەخانەی بەرزو شوێنی گەشتیاری سەرنج راکێش و سادەیی خەڵک و هاونیشتمانیانی شارەکە. زیاد بونی هەلی کاری زیاتر بە بەراورد لە شارەکانی تر وای کردوە خەڵک بە لێشاو ڕوو لە کڕینی موڵک بکەن.

١٣. ناردنەوەی پارە لەلایەن ئەو کوردانەی لە دەرەوەی کوردستان دەژین بۆ کڕینی خانوو و زەوی، ئەمەش جارێکیتر خواستی زیاد کردووە و نرخی موڵکیان بەرزکردۆتەوە کە بە ڕوونی لە ساڵەکانی رابردوو بەدی دەکرا. 

١٤. خراپی دۆخی سیاسی و ئابووری، کە کەم کەس ئەوێرێت بزنس بکات! باشترین شت کڕینی موڵکە، مەترسی لە سەر لەناوچونی نییە و بەشێکیش کە موڵک دەکڕن بۆ مەبەستی کرێیە.

١٥. جەنجاڵی شارەکان و کەمبوونەوەی یەکەکانی نیشتەجێبوون، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ شێوازی فراوانبوون بە ئاسۆیی و کەمی شوقە و نەبوونی خواست لە سەری لەلایەن دانیشتوانەوە کە خەڵک بەشێوازێکی گشتی خواستی خانووە نەوەک شوقە. 

١٦. نەبوونی چاودێرییەکی ورد لەسەر کەرتی خانووبەرە تا ئەو مەرجانەی پێویستن تێیدا جێبەجێ بکرێن. ئەمەش وادەکات بە نرخێکی کەم و بە کوالیتی نزم خانوو دروست بکرێت، پاشان بە نرخی زۆر زیاتر بفرۆشرێتەوە و لە ئاست ئەو بەهایە نەبێت و بێ پلانی و کەسانێکی نابەرپرس یاری بەنرخ و بەهای موڵکەکان دەکەن ئەمەش خاڵێکی تری گرانی نرخە.

١٧. خەڵکی وای دەبینن ئەگەر کاریشیان نەبێت و پارەکانیان بخەنە کارێکەوە لایان گونجاوترە بیدەن بەخانوویەك بۆ نیشتەجی بوون، بەمەش داواکاری لەسەر خانوو زیاد دەبێت و دەبێتە هۆی زیادبوونی نرخ. خەڵکێکیش پارەی هەیە نازانێ پڕۆژەی پێ بکات دەچێ زەوی و خانووی پێ دەکڕێ، ئەمەش کێشەی خواست و خستنەڕووی دروستکردووە. هۆکاری ئەم هەموو داواکاریە زۆرە لەسەر خانوو و زەوی و شوقەیە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە خەڵکی ئێمە تاقەتی ئیش و کار و بزنسیان نییە! پارەکە دەدات بە موڵک و هیچ عەزێت و ناڕەحەتی نییە و هەرکاتێک بیفرۆشێت پارەی خۆی دەکاتەوە و زۆربەی جار خێریش ئەکات.

١٨. گیرفان پڕی بەشێکی دانیشتوانی ھەرێم، ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ نا یەکسانییەکی خەیاڵی لە شارێکی بچووکدا و لەماوەیەکی کەمدا و دابەش بوونی زۆنی دەوڵەمەند و زۆنی هەژارنشین .

١٩. نەبوونی خزمەتگوزاری پێویست لە گەڕەکە تازەکان و ڕووکردنە کڕینی شوقە، وە زۆرێک لەو شوقانەی دروست ئەکرێن بە نرخی زیاتر لە دوو هێندەی تێچوەکەی دەفرۆشرێنەوە بە خەڵک.

٢٠. زیاد بوونی ڕێژەی دانیشتوان لە شاری هەولێر و فراون بوون وگەشەی خێزان، کە ئەمە وای کردوە خواست لە سەر خانوو زۆربێت. پێشتر چەند ماڵێک لە خانووێک دەژیان، ئێستا ئەمە نابینیت و خەڵک پێیان باشە سەربەخۆ بژین .

٢١. بوونی زۆری کۆمپانیای ناوخۆ و بیانی لە شاری هەولێر و کۆمپانیای خانووبەرە، هەبوونی قونسولو خانە و فرۆکە خانە و un ، بونی ناوەندی بڕیاردانی سیاسی ئەمە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر موڵک هەیە.

٢٢. بوونی کۆمەڵێک ئاژانسی هەوڵی زۆر باش و کەناڵی لۆکاڵی و ئاسمانی ناوخۆ و دەرەوە، و بوونی فێستیفاڵ و کۆربەندی ئابووری ساڵانە و پێشانگای نێودەوڵەوتی خانووبەرە و هاتنی کۆمپانیاکانی خانووبەرە بۆشاری هەولێر کە ئەمە وای کردوە کاریگەری نا ڕاستەوخۆی هەبێت و بەشێک لەو کەناڵانە کاریان لەسەر جوان کردنی شاری هەولێر و سیمای شاری هەولێرە بەمەش خواست لەسەر کڕین زۆر دەبێت.