هۆزار تۆفیق

هۆزار تۆفیق

   چەند سەرنجێك سەبارەت بە سێكتەری نیشتەجێبوون لە كەرتی وەبەهێنان 

2024-03-30

 

               چەند سەرنجێك سەبارەت بە سێكتەری نیشتەجێبوون لە كەرتی وەبەهێنان 

 

سەرەتا لای هەموو لایەك ڕوونە كە وەبەرهێنان بەچەند قۆناغێك پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە لە سەرجەم سێكتەرەكاندا بۆتە مایەی دروستبوون و بە گەڕخستنی سەرمایە لە گشت سێكتەرەكاندا، ئەمەش بە پێشكەوتنێكی بەرچاو بەدی دەكریت لە هەرێمی كوردستان. توانیویەتی تاڕادەیەكی باش جیا لە وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی چەندین وەبەرهێنەری بیانی سەرمایەكانیان لە پارێزگاكانی هەرێم بە گەڕبخەن بە تایبەت لەماوەی كاركردنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان قۆناغێكی نوێ و زێڕین و گەشەسەندوی بواری وەبەرهێنان هاتە كایەوە كە گرنگی بەسەرجەم سێكتەرەكان دراوە، هەر لە سێكتەری پیشەسازی و  كشتوكاڵ و گەشتوگوزار و خانووبەرە تەنانەت بە ڕێژەیەكی بەرچاو گرنگی بە سێكتەری تەندروستی و پەروەردەی دراوە، هەموو پێشكەوتنێك بێ ڕەخنە نابێت ئەوەی من دەمەوێت لەم بابەتەدا تیشكی بخەمەسەر كەرتی نیشتەجێبوون و خانووبەرەیە لە هەرێمی كوردستان پێم وایە ئێستا كاتی ئەوەیە كە زۆرترین گفتوگۆ لە چەند خاڵێكی ئەم سێكتەرە بكرێت:-

١. كوالتی خانووبەرە و شوقە و یەكەكانی نیشتەجێبوون:

 لەم خاڵە كە دەوترێت كوالتی مەبەستم لە شێوازی دروستكردن و جێبەجێكردنی پڕۆژەكانە كە پێویستە بگونجێت لەگەڵ ژینگە و سروشتی ئاو و هەوای كوردستان، چونكە لە ئێستادا ئەوەی باس دەكرێت گلەییەكی زۆر هەیە لە كوالتی بەشێكی پڕۆژەكان كە جێگای خۆیەتی دەستەی وەبەرهێنان كاری جدی لەسەر بكات چونكە ئاسەوارەكانی جیالەوەی لە ئێستادا بەڕوونی دیارە بە هۆی گۆڕانی كەش و هەوا لە ناوچەكەدا لە ئایندەدا كێشەی زۆر گەورتر و نەخوازراوتر بۆ ئەو یەكە نیشتەجێیانە دروست دەبێت كە دەبێتە هۆی كێشە و گرفت بۆ حكومەت و هاوڵاتیانی ئەم پڕۆژانە.

٢. نرخی یەكەكان:

نرخی یەكەی پڕۆژەكان بە هۆی دروستبوونی كێشەی دارایی لە هەرێمی كوردستان ناجێگیرە و بە شێوەیەكی بەرچاو دابەزیوە، پێویستە لەسەر دەستەی وەبەرهێنان ڕەچاوی زیاتری نرخەكان بكات و هاوكاربێت لە نێوان كۆمپانیاكان و كڕیاراندا بەشێوەیەك لەم كاتەدا بۆ ئەوەی تووشی هەرەس هێنانی عەقارات نەبین لە هەرێمی كوردستان. هەرچەندە ئەمە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە بار و گوزەرانی ئابووری و سیاسی هەرێمدا هەیە هەروەها لە ئێستادا بەهۆی ئەم كێشە داراییانەوە چەندین وەبەرهێنەر لە دروستكردنی یەكەكانی نیشتەجێبوون كارەكانیان ڕاگرتووە یان هەندێك حاڵەتی هەڵهاتنی وەبەرهێنەرەكە و بردنی پارەی هاوڵاتیان، بۆیە پێویستە لە دەستەی وەبەرهێنان ئاوڕی زیاتر لەم كێشانە بداتەوە تا هاوڵاتیان و وەبەرهێنەرانیش زیاتر هەست بە ئارامی و جیگیری بازاڕ بكەن.

٣. خزمەتگوزاری ناو پڕۆژەكان:

خاڵێكی زۆر گرنگە و جێی بایەخی سەرجەم پڕۆژەكانە پێویستە لەسەر دەستەی وەبەرهێنان گرنگی باش بدات وە بەدواداچوونی بەردەوامی هەبێت بۆ خزمەتگوزاری ناو پڕۆژەكان چونكە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە هاوڵاتیانی ناو پڕۆژەكانەوە هەیە. لە ئێستادا بەشێك لە پڕۆژەكان جیا لەوەی لە كاتی فرۆشتنیاندا بەڵێنی جێبەجێكردنی چەندین خزمەتگوزاری ناو پڕۆژەكە دەدەن، بەڵام دواتر جێ بەجێی ناكەن یان بە كەم و كورتیەكی زۆرەوە یانیش بەماوەیەكی زۆر دوای وەرگرتنی پڕۆژەكان لە لایەن خاوەنی یەكەكانەوە  خزمەتگوزاریان بۆ دابین دەكرێت.

لە كۆتایدا ئەمانە چەندین خاڵی كەم بوون بەڵام گرنگ و كاریگەرە وە چەندین تێبێنی تر هەیە لەسەر پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون لە سەرجەم پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان چەندین كەم و كوڕی و كێشە هەیە، هیوادارم لە پێناو باشتركردن و بەرەو پیش بردنی ئەم كەرتە دەستەی وەبەرهێنان گرنگی زیاتر بە پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون بدات بۆ بەرەو پێش بردنی زیاتری وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان.