خەلیل عەبدوڵڵا
دیزاینەری تەلارسازیی پێشەنگ
2024-03-31
زەها حەدید، خانمە دیزاینەرو ئەندازیارێكی تەلارسازیی جیهانییە، شۆڕشێكی نوێی زانستی لە بوارەكانی دیزاینو نەخشەسازیی تەلارسازیدا بەرپا كردو بەشێكی وڵاتانی سەر گۆی زەوی بە بەرهەمەكانی ڕازاندەوەو وەك یادگاریی پەنجەی ڕەنگینی ئەو ژنە مەزنە ماونەتەوە، بەوەش ئەوەی نیشان دا كە تواناو مێشكی ژنان لە داهێناندا هیچی لە پیاوان كەمتر نییەو هەندێ جاریش پێش ئەوان دەكەون!
زەها محەمەد حسێن حەدید، ناوی تەواو ئەو ئەندازیارە تەلارسازەیەو بە زەها حەدید ناسراوە.
ڕۆژی 31ی تشرینی یەكەمی 1950 لەشاری بەغدا لە دایك بووە. لە ئامێزی خێزانێكی ناودارو ڕووناكبیردا پەروەردە بووە، باوكی كەسایەتییەكی ناسراو بووە، یەكێك لەسەركردە دیارەكانی حزبی نیشتمانی دیموكراتی عیراق بووەو لەدوای شۆڕشی چواردەی گەلاوێژی 1958 بووەو بە وەزیری داراییو تا ساڵی 1960 لەو پۆستەدا بووەو دواتر دەستی لە كاركێشاوەتەوە.
وەجیهە سابونچی دایكی زەها، هونەرمەندێكی دیاری بواری نیگاركێشان بووەو چەندین تابلۆی ناوازەی هەیە.
زەها حەدید، لە ژێر كاریگەریی باوكو دایكیدا بووەو ئیلهامی لێوەرگرتوون، باوكی هانیداوە بایەخ بە زانستو زانیاری بدات، چونكە زانست بەردی بناغەی پێشكەوتنی كۆمەڵە، دایكیشی هونەری نیگاركێشانی لەدڵیدا شیرین كردووەو لای بووە هونەر خۆراكی ڕۆژانەی گیانو مێشكەو هەوێنی ئارامیو ئاشتی كۆمەڵە.
زەها حەدید، لە شاری بەغدا خراوەتە بەرخوێندنو قۆناغەكانی خوێندنی لەو شارە تەواو كردووە، خوێندكارێكی زیرەكو زرنگ بووە. ساڵی 1972 چۆتە زانكۆی ئەمریكی لە لوبنانو لەو زانكۆیە بڕوانامەی لیسانسی لە زانستی بیركاری بەدەستهێناوە. بەڵام ئەو زانستە حەزو خولیای سەرەكی ئەو نەبووە، هەر بۆیەش بۆ خوێندنی زانستیی دڵخوازی خۆی چووە بۆ شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیاو لەوێ لە كۆلیجی كۆمەڵەی تەلارسازی، بەشی ئەندازەی تەلارسازیی خوێندووە، ئیدی خواستی خۆیو دایكیو باوكی لەو لقە زانستیو هونەرییەدا ئاوێزانو بەرجەستە بوون، لەسەر ڕاسپاردەی باوكی بایەخی بە بواری زانستی دا، تابلۆ ڕەنگینەكانی دایكیشی كاریگەری لەسەر زانستیی دیزاینو نەخشەی تەلارەكان هەبوو، ئەندازەی تەلارسازیو دیمەنەكانی سروشتو زانستیی زەوی پێكەوە ئاوێزان بوونو لە شاكارەكانیدا ڕەنگیان دایەوە.
دوای تەواوكردنی خوێندنی ئەندازەی تەلارسازی، لە شاری لەندەن ئۆفیسی دیزاینی نەخشەی تەلارسازی دانا.
زەها حەدید، بەشێوەیەكی جیاواز لە نەخشەسازانی پێش خۆی هاتە مەیدانی دیزاینی تەلارسازییەوە، نەخشەكانی زۆر جیاواز بوو لە نەخشە كلاسیكییەكان، هیچ هێڵێكی ڕاستییان تێدا نەبوو، هەمووی هێڵی چەماوە بوون، سەرەتا پێشوازی لە دیزاینو نەخشەكانی نەكراو وەك خەیاڵی زانستی سەیریان كراو پێیان وابوو ئەو دیزاینانە وەك بەرهەمی ئەندازیاریی سەر كاغەز، وەك وێنە دەمێننەوەو ناچنە بواری جێبەجێكردنەوە.
یەكێك لە داهێنانە زانستییەكانی تری زەها حەدید ئەوەبوو كە گۆشەی 89ی داهێناو ڕای وابوو گۆشەی 90 بوونی نییە، ئەوەش لە دیزاینەكانیدا ڕەنگی دایەوەو دیمەنی جوانو سەرنجڕاكێشی بە تەلارەكان بەخشی.
زەها حەدید بە توانای بەرزی زانستیی خۆی توانی نەخشەو دیزاینەكانی بخاتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئیدی نەخشەكانی بوونە تەلاری سەرنجڕاكێشو لەسەرانسەری گۆی زەوییەوە پێشوازییان لێكراو توانی 950 نەخشەو دیزان بۆ تەلارەكان بكێشێو لە 44 دەوڵەتی جیهاندا بچنە بواری جێبەجێكردنەوەو سیمایەكی جوانو بەرزی شارستانی بەو وڵاتانە ببەحشن. زەها بەشی زۆری پڕۆژە دیزاینكراوەكانی بەچاوی خۆی بینی، بەڵام هەندێكیانی نەبینی، لە بەرئەوەی دوای مردنی تەواو كران.
زەها حەدید،950 پڕۆژەی دیزانو تەلارسازیی لە سەرانسەری جیهاندا جێبەجێكراون كە وەك بابەتی سەرسوڕهێنەری نوێو هاوچەرخ سەیریان دەكرێت، ئاماژە بە هەندێك لەو پڕۆژانە دەكەم، لەوانە: ( تەلاری ڕۆزنتاڵی هونەری هاوچەرخ لە ئەمریكا، تەلاری مەڵبەندی لەندەنی وەرزشی دەریایی بۆ یارییەكانی ئۆلۆمپیی ساڵی 2012، مۆزەخانەی ئیلیو ئیدسی هونەریی هاوچەرخ لە زانكۆی میشیگان لە ئەمریكا،مۆزەخانەی هونەری نیشتمانی لە ڕۆما، خانەی كولتووری حەیدەر عەلییۆف لە باكۆ، یاریگەی ئەلوەكرە لە قەتەر بۆ میوانداری كاسی جیهانی ساڵی 2022، خانەی ئۆپێرا لەشاری گوانجۆی چین، خانەی ئۆپێرا لەشاری كاردیفی پایتەختی ویڵز، پردی شێخ زاید لە ئەبوزەبی، بارەگای كۆمپانیای ژینگە لە شارقە، تەلاری كۆمپانیای بی ئێم دەبڵیوی ئۆتۆمبیل لە ئەڵمانیا، كتێبخانەی زانكۆی ڤیەننا، وێستگەی ئاگركوژانەوەی شاری ڕاینی ئەڵمانیا، لەبەر جوانی تەلارەكە دواتر كرا بە مۆزەخانە)و چەندانی دیكە.
لەپای بەخششو داهێنانەكانی لە بواری دیزاینو تەلارسازیدا، زەها حەدید زیاتر لە 100 خەڵاتی نێودەوڵەتی پێبەخشراوە، لەوانە: (خەڵاتی بریتزكری تەلارسازیی نێودەوڵەتی، كەخەڵاتێكی بەنرخەو لە ڕووی مادیو مەعنەوییەوە لە ئاستی خەڵاتی نۆبلدایەو بە نۆبلی ئەندازە ناودەبرێت،زەها یەكەم ژن بوو ئەو خەڵاتەی وەرگرت، خەڵاتی تەلاسازیی ئەمریكی،میدالیای پاشایەتیی بەریتانی بۆ ئەندازەی تەلارسازی، ویسامی شەرەفی فەرەنسی لە بوارەكانی هونەرو ئەدەبدا، خەڵاتی ستیرلینگی بەریتانی لە ئەندازەی تەلارسازیدا،ویسامی ئیمپراپۆریەتی ژاپۆنی)و چەندانی تر.
زەها حەدید وەك مامۆستای زانكۆ لە زانكۆكانی بەریتانیا وانەی دیزاینی تەلارسازی وتۆتەوەو خزمەتی كردووە، وەك مامۆستای میوانیش لە زانكۆكانی (شیكاگۆ، هامبۆرگ، كۆلۆمبیا، نیۆیۆرك، هارڤاردو ئۆهایۆ) وانەی زانستی دیزاینی تەلارسازی وتۆتەوەو خوێندكاران بە ئاستی بەرزی زانستیو دیزاینەكانی سەرسام بوون.
پاش خزمەتێكی زۆر بە بواری دیزانو نەخشەسازیی تەلارسازی لە سەرانسەری جیهاندا، زوها حەدید لە ڕۆژی 31ی ئاداری 2016 لە نەخۆشخانەیەكی شاری میامی ویلایەتی فلۆریدای ئەمریكا لە تەمەنی 66 ساڵیدا بە نەخۆشی دڵ كۆچی دوایی كردو لەسەر ڕاسپاردەی خۆی تەرمەكەی برایەوە بۆ شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیاو لەو شارە لە تەنیشت گۆڕی باوكی و براكەی بەخاك سپێردرا.
لەدوای خۆی بڕی 250 هەزار دۆلاری ئەمریكی لە دوا بەجێما. ئەوەی جێگەی سەرنجە زەها حەدید لە ژیانیدا هاوسەرگیری نەكردبوو بە تەنها ژیا،ئەو عاشقی پیشەكەی بوو، شووی بە زانستی تەلارسازی كردو هەموو ژیانی خۆی بەو زانستە هاوچەرخە بەخشیو خاوەنی دیزاینی 950 پڕۆژەیە لە وڵاتانی جیهاندا، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە كەمترین دیزاینی لە وڵاتانی عەرەبیدا جێبەجێ كراوە، خۆی لەو بارەیەوە دەڵێت، هەموو جیهان بە پڕۆژەكانم سەرسام بوون، تەنها وڵاتانی عەرەبی نەبێ، كە زۆربەیان دانیان بە توانای مندا نەدەنا لەبەر ئەوەی كە ژن بووم!
زەها حەدید، لەبەغداوە بۆ لوبنانو لەوێوە بۆ لەندەنو لە لەندەنیشەوە بۆ هەموو جیهان بە دوای زانستی دیزاینی تەلارسازی نوێدا وێڵا بوو، لەو گەشتە دوورو درێژەی زانستدا، بەشێكی گۆی زەوی بە نەخشە تەلارسازییە نوێیەكانی ئاوەدانو ڕووناك كردەوە، لەدوای مردنیشی وەك سامانێكی تەلارسازیی شارستانیی گەردوونیی ژنێكی بلیمەتی میزۆپۆتامبیا دەمێننەوەو هەموو جیهان شانازیی پێكەوە دەكات.