abdulrahman

عەبدولڕەحمان حەمید

بازاڕی خانووبەرەی کەلار

2024-04-02

بازاڕی خانووبەرەی کەلار

 

کەلار یەک لە گەورەترین قەزاکانی هەرێمی کوردستانە و ناوەندی ئیدارەی گەرمیانە، لەڕووی جوگرافییەوە دەکەوێتە خوارووی کوردستان و هاوسنورە لەگەڵ وڵاتی ئێران و خوارووی عێراق.

شاری کەلار پێش ساڵی 2003 تەنها لە (9) گەرەک پێکهاتبوو، بەڵام ئێستا لە (29) گەرەک پێکدێت جگە لەو شار و گوندە نیشتەجێیانەی لەناو شاردا هەن یان لەدروست کردندان.

شاری کەلار بەهۆی بوونی هەڵکەوتە جوگرافییەکەی، گەشەیەکی خێرا و بەردەوامی هەبووە و خواستێکی زۆر لەسەر موڵک هەبووە بەتایبەت زەوی و خانوو،  ئەمەش وای کردووە نرخی خانووبەرە لەدوای ساڵی 2000 ەوە تا 2014 بەرزبونەوەی بەردەوام بەخۆیەوە ببینێت. 

ساڵی 2014 بەدواوە تا 2019 بەهۆی شەری داعش و ڕاوەستانی بودجە لەلایەن بەغدا و دروستبوونی کێشەی سیاسی لەنێوان هەولێر و بەغدا وە دواتر هاتنی کۆرۆنا.. ئەمانە و چەندین هۆکاری دیکە نرخی خانووبەرەی لەشارەکە دابەزاند

ساڵی 2021 بۆ 2022 دووبارە نرخی خانووبەرە بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی ئەوەش پاش کۆتایی هاتنی داعش و کۆڕۆنا و باشبوونی دۆخی ئابووری کوردستان بەراورد بە ساڵەکانی پێشتر.

لەماوەی (2) ساڵی رابردوو نزیکەی 14 پڕۆژەی نیشتەجێبوون لەکەلار مۆڵەتیان وەرگرتووە و ئێستا لەقۆناغی دروستکردندان، کە بۆ چەند ساڵی ئایندە نزیکەی (23) هەزار یەکەی نیشتەجێبوون تەواو دەبن و بۆ شارەکە بەردەست دەبن.

لەئێستادا خواست لەسەر کڕینی موڵک کەمبووە و بازاری خانووبەرە بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، ئەوەش هۆکارەکەی دەگەرێتەوە بۆ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردن و نەهاتنی بودجە و نەدانی موچە بەهاولاتیان و تێکچوونی دۆخی سیاسی نێوان هەولێر و بەغدا جگە لەوەی ژمارەیەکی زۆر پرۆژەی نیشتەجێبوون خراوەتە بازاڕەوە.

دابەزینی نرخ بۆ شارێکی گەشەسەندووی وەک کەلار کاتییە، چونکە شارەکە هەڵکەوتەیەکی گرنگی جوگرافی هەیە و بەردەوام لەگەشەی خێرادایە وە ژمارەی دانیشتووانی بەردەوام لەزیادبوونە، هەروەها زۆرینەی دانیشتوانی شارەکە حەزێکی تایبەتی بۆ کڕینی موڵک هەیە ئەمە جگەلەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان مۆڵەتی پرۆژەی نیشتەجیبوونی ڕاگرتووە.