bnyamin Shadman

بنیامین شادمان

کاریگەری عەقاراتەکان لەسەر بە بازاڕکردنی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون

2024-04-15

کەرتی خانووبەرە لە شاری هەولێر لە گەشەسەندنی خێرادایە توانیوێتی ئەستێرەیەکی دیار بێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

 هاوکات پایتەختی کوردستان بۆتە ناوەندی گرینگی جووڵەی بازرگانی لە ئاستی هەرێم و ناوچەکەدا ئەمەش وەکو دەسپێشخەرییەکانی کابینەی نۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و گرینگی پێدانی کەرتی خانووبەرە لە شاری هەولێر لە کارنامەی کابینەکەدا بایەخی تایبەتی پێ دراوە. لە ئەنجامدا هەولێر بۆتە شارێکی پێشکەوتوو لە رووی بیناسازی و کەرتی خانووبەرە دا.

بەپێی ڕووپێوێکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان کە لە ساڵی 2022 دا ئەنجامدراوە، قەبارەی کەرتی خانووبەرە و بیناسازی بەهاکەی 4 ملیار دۆلارە کە بەشێكی گرنگی ئابووری هەرێمی کوردستان پێکدەهێنێت.

 بەهای بەرهەمی بیناسازی و ئاوەدانکردنەوە لەلایەن کەرتی تایبەت 3.7 تریلیۆن دینار بووە و بەهای تێچووەکان 0.65 تریلیۆن دینار بووە، بەو پێیەش بەهای زیادەی ئەو کەرتە 2.4 تریلیۆن دینار بووە کە بە دیناری ئەوکات دەکاتە نزیکەی دوو ملیار دۆلار. ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە تاوەکو چەند کەرتی خانووبەرە و بیناسازی ڕۆڵی هەبووە لە گەشەی ئابووری هەرێمی کوردستان.

ئەمەش لە بەر ئەوەی لە گرینگی و بە بازاڕکردنی عەقاراتەکان بە دروستی تێگەیشتووە و ستافی فرۆشتن دەرکیان بەوە کردووە عەقاراتەکان  هۆکارێکی سەرەکین بۆ بە بازاڕکردن و رێکلامی زیاتر بۆ پڕۆژەکەیان. ئەمەش وایکردووە سەرکەوتنی گەورە لە ڕووی فرۆشتنەوە بە دەست بهێنن. ئەم جۆرە بڕیارە دروستانە لە لایەن ئەو کەسانە دەدرێت کە پێشتر کاری عەقاراتیان کردووە و لە گرینگی و بایەخ نووسینگە و کۆمپانیاکانی عەقارات بە تەواوی تێگەیشتوون.

بەڵام جێگای داخە بەشێک لە بنکەکانی فرۆشتن کەسانی کەم ئەزموون و نەشارەزای تێدایە کە بەبێ بەشداری کردنی عەقارات و گرینگی نەدانی زۆر بەو هێزە کە خاوەنی هەزاران کارمەند و ستافی فرۆشتنن و مەکینەی گەورەی میدیایی و و بەرهەم هێنانی سەدان وێنە و ڤیدیۆی ناوازەن کە وەکو سوپایەک لەگەل هەر پرۆژەیەک بێت ناهێلێت شکست بهێنێت.

پێویستە بنکەکانی فرۆشتن بە لایەنی کەم کارمەندێکی هەبێت کە پێشتر کاری عەقاراتی کردبێت و خاوەن پەیوەندییەکی بەهێز بێت لەگەل عەقاراتەکان. یاخود بۆچوون و پێشنیارەکانی عەقارات لە ( نرخ و کارکردن و بە بازاڕکردن و شێوازی فرۆشتن ) وەربگیرێت و ڕاوێژیان پێ بکرێت. ئەوەی شایەنی باس کردنە چیتر پێویست ناکات بەشێک لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون  بەهێزی و کاریگەری عەقاراتەکان فەرامۆش بکەن و خودی عەقاراتەکانیش چیتر بەشێک لە پڕۆژەکان ئەوەندە گەورە نەکەن کە تووشی بێ منەتی و حساب نەکردن بن بۆ ئەو توێژە کە گرینگی تەواویان هەیە لە سێکتەری نیشتەجێبوون بە گشتی و بە تایبەت بە بازاڕکردن و ساخکردنەوەی یەکەکانی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان .