بنیامین شادمان
گرینگی دروست کردن مزگەوت لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون
2024-08-20
گرینگی دروست کردن مزگەوت لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون
گەلی کوردستان ، گەلێکی موسوڵمان و بروادارە بە ئایینی پیرۆزی ئیسلام و سونەتەکانی پەیامبەری خوا محمد ﷺ
و مزگەوتیش هەردەم وەکو قوتابخانەیەکی گەورە بووە کە وانەی برایەتی و رێزگرتن ، نەرم و نیانی و یاسا و دادپەروەری فێری موسوڵمانان کردووە. جێگایەک بووە کە دڵی ئێماندار تێدا دەگاتە ئارامی و دووری و مەوداکانی نێوان خۆی و خودا نامینێت و تەواوی نارەحەتی و خەوش و خڵتی دڵەکان پاک دەکاتەوە.
لێرەدا لە چەند روانگەیەک گرینگی مزگەوت بە گشتی باس دەکەین و دواتر تیشک دەخەینە سەر تا چەند لە (پرۆژەکانی نیشتەجێبوون گرینگیان بە دروستکردنی مزگەوت داوە) بە داتا و ئامار زانیاری ئەم پرسە دەخەینە روو.
گرینگی مزگەوت لە روانگەی قورئانی پیرۆزدا :
لە نێو قورئاندا 28 جار ناوی مزگەوت بە تایبەت ( مسجد الحرام ) ئاماژەی پێکراوە وەکو یەکەمین شوێنی پەرستشی مرۆڤەکان لەسەر زەوی. هەروەها لە سورەتی جن ئایەتی 18 خوای گەورە دەفەرموێت : ﴿وَأَنَّ الْمَسَاجِدَ لِلَّهِ فَلَا تَدْعُوا مَعَ اللَّهِ أَحَدًا ﴾
واتە: دڵنیابن که: مزگهوتهکان تایبهتی خوای گهورهن، دهبێت ههر ئهوهی تێدا بپهرسترێت و ناوی کهسی تر نهکرێته شهریك و هاوتای ناوی ئهو زاته.
گرینگی مزگەوت لە روانگەی پەیامبەری خوا محمد (د.خ) :
یەکەم کاری پەیامبەر دروست کردنی مزگەوت بوو لە کاتی گەیشتی بە مەدینە و لە هەموو سەفەر و جەنگێک دا شوێنێکی دەستنیشان دەکرد بۆ نوێژکردنی خۆی و هاوەلەکانی کە عیبادەت وخوا پەرستیان ئەنجام بدەن.
پێغەمبەری خوا - ﷺ - فەرموویەتی : (الْمَسْجِد بَيتُ كُلّ تَقِيّ ) (2).
واتە: مزگەوت ماڵی هەموو کەسێکی بەتەقوایە. هەروەها مزگەوت خۆشەویسترین جێگایە بەلای خوداو وپێغەمبەر ﷺ
هەروەکو ئەبو هورەیرە خوا لێی ڕازی بێت گێڕاویەتیەوە ودەڵێت : پێغەمبەری خوا ﷺ فەرموویەتی : (أَحَبُّ الْبِلاَدِ إِلَى اللهِ مَسَاجِدهَا ، وَأَبْغَضُ الْبِلاَدِ إِلَى اللهِ أَسْوَاقهَا)(1).
واته: خۆشەویسترین جێگا بەلای خوداوە مزگەوتەکانن ، و بوغزاوترین جێگاش بەلای خوداوە بازاڕەکانن.
گرینگی مزگەوت لە ئایینی ئیسلامدا :
دینی ئیسلام گرینگی زۆری بە دروست کردنی مزگەوت داوە بە تایبەت جەختی لە سەر بونیادنان و ئاوەدان کردنەوەی مزگەوتەکان دراوە هەروەکو هۆکارێک بۆ چوونە بەهەشت وەسفی کردووە .
هەروەک پێغەمبەری خوا ﷺ فەرموویەتی : (مَنْ بَنَى ِللهِ مَسْجِدًا ، مِنْ مَالِهِ ، بَنَى اللَّهُ لَهُ بَيْتًا فِي الْجَنَّةِ).(4)
واتە: هەر کەسێک لەپێناوی خودادا مزگەوتێک دروست بکات ، ئەوا خودا ماڵێکی لەبەهەشتدا پێ دەدات .
هاوکات ئایینی ئیسلام گرینگی بە ئەنجامدانی نوێژ و عیبادەت کردن تێدا و چاک کردنی نێوان کەسەکان و فێرکردنی رەوەشت بەرزی و رۆشن کردنەوە رێگای بەختەوەری موسوڵمانان بێت.
ئەوەی دڵی وابەستەی مزگەوت بێت بە بەردەوامی سەردانی مزگەوت بکات ئەوە لە قیامەتدا لە ژێر عەرشی خوای گەورە دەبێت هەر وەکو ئەم فەرموودەیە
کە ئەبو هورەیرە خوا لێی ڕازی بێت گێڕاویەتیەوە ودەڵێت: پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: (سبعة يُظِلُّهُمُ اللَّهُ في ظِلِّهِ يَوْمَ لاَ ظِلَّ إِلاَّ ظِلُّهُ الإِمَامُ الْعَادِلُ ، وَشَابٌّ نَشَأَ في عِبَادَةِ رَبِّهِ ، وَرَجُلٌ قَلْبُهُ مُعَلَّقٌ في الْمَسَاجِدِ ، وَرَجُلاَنِ تَحَابَّا في اللهِ اجْتَمَعَا عَلَيْهِ وَتَفَرَّقَا عَلَيْهِ ، وَرَجُلٌ طَلَبَتْهُ امْرَأَةٌ ذَاتُ مَنْصِبٍ وَجَمَالٍ فَقَالَ إِنِّى أَخَافُ اللَّهَ . وَرَجُلٌ تَصَدَّقَ أَخْفَى حَتَّى لاَ تَعْلَمَ شِمَالُهُ مَا تُنْفِقُ يَمِينُهُ ، وَرَجُلٌ ذَكَرَ اللَّهَ خَالِيًا فَفَاضَتْ عَيْنَاهُ). متفق علیه
واته: حەوت کۆمەڵ هەن خودا دەیانخاتە ژێر سێبەری عەرشی خۆیەوە لەڕۆژێکدا کەجگە لەسێبەری عەرشی خودا هیچ سێبەرێکی تر نییە :
پێشەوا ودەسەڵاتدارێکی دادپەروەر ، و لاوێک لەعیبادەتی خودادا گەورە بوو بێت ، و پیاوێک کەدڵی پەیوەست بێت بەمزگەوتەوە ، و دوو کەس کەلەپێناوی خودادا یەکیان خۆش بووێت وکۆبوونەوە وجودا بوونەوەیان لەو پێناوەدا بێت ، وپیاوێک ئافرەتێکی جوان وخاوەن پلەو پایە داوای زینای لێ بکات، ئەومیش بڵێت: من لەخودا دەترسم ، وپیاوێک خێرێک بکات وبیشارێتەوە بەشێوەیەک دەستی ڕاستی نەزانێت دەستی چەپی چی بەخشیوە ، وپیاوێک کاتێ بەتەنها یادی خوا دەکات چاوەکانى پڕ دەبن لەفرمێسک.
گرینگی مزگەوت لە روانگەی کۆمەلایەتیەوە :
مزگەوت جگە لەوەی شوێنی کۆکردنەوەی موسوڵمانە ، جێگایەکی تایبەتە بۆ یەکگرتن و یەکدەنگی و هەماهەنگی ئومەتی ئیسلامە و کۆبوونەوەی موسوڵمانان لە یەک شوێن و بۆ یەک قیبلە ، گەورەیی و هەیبەتی موسوڵمانان پێشانی هەموو دونیا دەدات ، کە بە رێکخستنێکی ورد هەموو موسوڵمانان روو لە روگەی کەعبەی پیرۆز دەکەن لە هەموو مزگەوتەکانی جیهان، ئەمەش یەکێتی کۆمەڵگای گەورەی ئیسلام و رێکخراو بوونی دەسەڵمێنێت.
هاوکات مەڵبەندێکی بەهێزی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و دروست کردنی سۆز و خۆشەویستییە لەنێوان تاکەکانی کۆمەڵگایە و رێگایەکە بۆ رزگاربوون لە گوشارە دەروونییەکان و ئاسودەبوونی رۆحە ماندووبووەکانە.
گرینگی دروست کردنی مزگەوت لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون :
پرۆژەکانی نیشتەجێبوون بۆتە جێگرەوەیەکی گەورەی گەرەک و گوند و شارەکانی هەرێم بۆ نیشتەجێبوونی خێزان و تاکەکانی کۆمەڵگا بۆیە بوونی مزگەوت وەکو پێویستیەکی مەعنەوی و رۆحی دانشتوانی ئەو پرۆژەیە دەبێت لەبەرچاو بگیرێت هەروەکو چۆن ئینسان پێویستی بە ئاو و خۆراک و کارەبا و مارکێت و تەواوی پێداویستییەکانی ژیانی هەیە بە هەمان شێوەش پێویستی بە بوونی شوێنێکی تایبەت هەیە بۆ نوێژ کردن و خوا پەرەستی هەیە.
ئەگەر وەبەرهێنەرەکانمان شوێنکەوتووی پەیامبەری ئیسلام بن ، دەبێت یەکەم شوێن لە پرۆژەکە دیاریکردنی مزگەوت و دیزاین کردن و بایەخ پێدان بێت بەم شوێنە پیرۆزە بێت تا بەرەکەت و پاداشتی دروست کردنی مزگەوتەکە خۆی و دانیشتووانی پرۆژەکەی بگرێتەوە.
بەڵام ئەوەی جێگای داخەی بە پێ بەدواداچوونێکی تایبەت لە کۆی 30 پرۆژە تەنیا 10 پرۆژە مزگەوتی تێدایە بەشێک لەو مزگەوتانەش لە رێگای خێرخواز و یان پێشتر دروستکراوە لەوێ یان سوود لە مزگەوتی نزیکی خۆی وەردەگیرێت.
ئەمەش شایەنی هەڵوێست لەسەر کردنە و دەبێت وەزارەتی ئەوقاف بریارێکی تایبەت دەربکات بەهەماهەنگی لەگەل دەستەی وەبەرهێنان کە بوونی مزگەوت و دروستکردنی بکرێتە مەرج لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون کە بە بێ بوونی مزگەوت لە نەقشەی پرۆژەکە (ساید پلان ) ئیجازەی پێ نەدرێت و رێگری بکرێت لە دروستکردن بە بازارکردنی و هاوکات ئەوانەی مزگەوتیان تێدا نییە و پرۆژەکەش تەواو بووە رێگا چارەیەک بدۆزرێتەوە بۆ بنیادنانی مزگەوت و لێژنەیەکی تایبەت لەسەر ئەم پرسە دروست بکرێت خەمێکی راستەقینەی لێ بخورێت.
تا پرۆژەکانی نیشتەجێبوون لە هەرێمێکی موسوڵمان هەموویان خاوەنی جوانترین و گەورەترین و پیرۆزترین شوێن بن کە پێی دەلێن (مزگەوت )
نووسینی : بنیامین شادمان
بەڕێوەبەری عەقاراتی اربیل پرۆجێکت
سەرچاوەکان :
(1) أخرجه مسلم (1473) وابن خزيمة 1293 وابن حبان1600 .
(2) [أخرجه أبو نعيم في " الحلية " ( 6 / 176 )الألباني في "السلسلة الصحيحة" 2 / 341] .