hawkar snjawi

د. هاوکار جەبار

بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ و کاریگەریەکانی لەسەر وەبەرهێنانی خانووبەرە

2025-09-15

بەرزبوونەوەی زێڕ چۆن کاریگەری دەبێت لەسەر وەبەرهێنانی خانووبەرە لە هەرێمی کوردستاندا؟ 

لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی زێڕ بۆ ئاستی پێوانەیی ( 3586) بۆ هەر ئونسێک لەگەڵیدا بازاری خانووبەرە لە هەندێک شوێن بەرزدەبێتەوە ئەمەش وایکردوە کە پرسیار بکەین کە ئایا ئەو بازارە بە هەمان ئاواز دەخوێنن یاخود نا؟

بەرزبوونەوەی هاوتەریب:

لە ١٢ مانگی رابردوودا زێڕ ڕێژەی زیاتر لە ٣٠٪ بەرزبۆتەوە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو نا دڵنیاییەی لە ئابووری جیهاندا هەیە، لەو ماوەیەشدا بە هەمان شێوە خانووبەرە بەرێژەیەکی بەرچاو لە جیهاندا بەرزبۆتەوە بەلام لە کوردستان باروودۆخەکەی جیاوازترە لەبەر ئەوەی باروودۆخی خانووبەرە لە  کوردستان زیاتر پەیوەستە بە فشارە نێوخۆییەکان.

بزوێنەری هەردوو بازار ( زێر و خانووبەرە ):

شارەزایانی بازاڕ باس لە هۆکارە بنەڕەتییەکان دەکەن کە کاریگەریان لەسەر هەردوو بازار هەیە، ئەوەی هەستپێکراوە لە کوردستان کە هیچ یەکێک لەو دوو بازارە نەبۆتە هۆی بەرزبوونەوە یاخود دابەزین لە بازاڕەکەی دیکەدا بەڵکو هەردووکیان کاردانەوەیان هەیە بەرامبەر بە فشارەکان بۆ نموونە بازاری زێر زیاتر پەیوەستە بە فشارە ئابووریە دەرەکییەکان بەڵام بازاری خانووبەرە زیاتر پەیوەستە بە فشارە ئابوورییە نێوخۆییەکان. بەڵام ئەوەی عادەتە ئەویش ئەوەیە کە ئەوانەی روو لە وەبەرهێنان دەکەن بە پلەی یەکەم ڕوو لە زێر و خانووبەرە دەکەن بۆ پاراستنی سەرمایەکانیان کە ئەمەش ڕێگایەکی کلاسیکیە بۆ پاراستنی سامان لە کاتی ناسەقامگیریدا.

ئەوەی زانراوە لە کوردستان زێر تەنها لای زێرنگر نییە بەڵکو زۆربەی کات حیسابی پاشەکەوتی خێزانە "ماڵی سپی بۆ ڕۆژی ڕەش". بەڵام زیاتر بەرزبوونەوەی  نرخی زێر وا لە خەڵک دەکات کە ڕوو بکەنە کڕینی زەوی و خانووبەرە وە زۆرجار ئەوانەی کە خاوەنی زێڕ و زەوین کاتێک کە نرخەکان بەرز دەبنەوە دەست دەکەن بە فرۆشتنی زێرەکانیان وە لەبەر ئەوەی نرخی زێریش بەردەوام لە بەرزبوونەوەیە بۆیە ناتوانن زێرەکان بکرنەوە بۆیە روودەکەنە کرینی خانووبەرە. ئەوەی روونە جیاوازی هەیە لە نێوان زیڕ و خانووبەرە کە زێر لە هەر خولەکێکدا دەکرێت بفرۆشرێت بەڵام خانووبەرە هەندێ جار چەند مانگێک دەخایەنێت بۆ فرۆشتنی. لە لایەکیدیکەوە زێڕ لە کوردستاندا پێویستی بە چاودێری زیاتر هەیە بەڵام خانووبەرە جگە لەوەی ئەو چاودێریەی ناوێت بەڵکو داهاتی کرێشی هەیە کە هەموو ئەوانە وادەکەن لەماوەی داهاتوودا خەڵک زیاتر ڕووبکەنە وەبەرهێنان لە خانووبەرە بە بەراورد بە زێر.

دەکرێ بگوترێ کە لەوانەیە لەدەستدانی بەهای دراوە کاغەزییەکان بەگشتی وای کردبێ کە خەڵک ڕێژەیەکی زۆر رووبکەنە کڕینی کانزاکان بەتایبەت زێڕ و زیو بۆ نموونە زیو بەراورد بە ساڵی رابردوو بۆ هەمان مانگ بە نزیکەیی ٪٤٤ زیادی کردووە. پێشبینیەکان دەڵێن کە بازاری داهاتوو بە دەرەجەی یەک بۆ زیوە چونکە زیو جگە لەوەی سەرمایەیە لە چەندین بوواری پیشەسازی و تەکنەلۆجی بەکاردێت وە لە دوای ئەویش زێر لە دێر زەمانەوە وەک دراو و سەرمایە رۆلی بینیوە بەڵام پێموانییە کە خانووبەرە بتوانێت کێبرکێی زیو و زێر بکات لە بوواری وەبەرهێناندا.