hawkar snjawi

د. هاوکار جەبار

لە موڵکەوە بۆ پاسپۆرت: ستراتیژی زیرەک یان بازرگانیکی مەترسیدار؟

2025-10-27

لە موڵکەوە بۆ پاسپۆرت: ستراتیژی زیرەک یان بازرگانیکی مەترسیدار؟

 

زۆربەی وڵاتان کێبڕکێ دەکەن بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنەرانی جیهانی لە رێگای جیاجیاوە، یەکێک لەوانە بەرنامەی نیشتەجێبوونە لە رێگای وەبەرهێنان کە بە شێوەیەکی گشتی بە "ڤیزەی زێڕین" ناسراوە، بۆ ڕاکێشانی سەرمایەی بیانی و بەرزکردنەوەی بازاڕی خانووبەرە. ئەم دەستپێشخەرییانە ڕێگە بە وەبەرهێنەران دەدەن مۆڵەتی نیشتەجێبوون بەدەستبهێنن لەڕێگەی کڕینی موڵکەوە، وڵاتانی کەندا لە ئێستادا پێشەنگی ئەو پرۆسەیەن بە پێشکەشکردنی ڤیزەی نیشتەجێبوون و سەندی موڵک تەنانەت لە وڵاتێکی وەکوو قەتەر لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا ئەو کارە بە ئەنجام دەگات لە رێگای وەبەرهێنانی ٢٠٠ هەزار دۆلارەوە.

بۆچی ئەو ستراتیژییەتە؟

1.      هەمەچەشنکردنی ئابووری: زۆرێک لە وڵاتانی کەنداو هەوڵدەدەن پشتبەستنیان بە داهاتی نەوت کەمبکەنەوە لەڕێگەی ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی لە کەرتەکانی دیکەدا، لەوانەش خانووبەرە.

2.      گەشەی بازاڕی خانووبەرە: بە هاندانی وەبەرهێنانی بیانی، ئەم وڵاتانە ئامانجیان هاندانی بازاڕی خانووبەرەیانە، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی بەهای خانووبەرە و چالاکییە بیناسازییەکان.

3.      کێبڕکێی جیهانی: پێشکەشکردنی بژاردەی نیشتەجێبوون دەتوانێت ئەم وڵاتانە سەرنجڕاکێشتر بکات بۆ وەبەرهێنەرانی نێودەوڵەتی، کەسانی پیشەگەر و لێهاتوو زیاتر بۆ لای خۆیان رابکێشن، ئەمەش پێگەی جیهانییان بەرز دەکاتەوە.

4.      پێموایە کە کێبڕکێ گەورە هەیە لە نێوان وڵاتانی کەنداو بۆ دەرخستنی گەشەی بازاڕ، بەتایبەت لە نێوان ئیمارات و سعودییە و قەتر و ئەوانی تر کە هەریەكێکیان رێچکە و پرۆگرامی هاوشێوە و جیاواز بەکاردەهێنن بۆ بوژانەوە راگرتنی بازاری خانووبەرە لە وڵاتەکانیان.

داهاتووی ئەو بەرنامانە بە کوێ دەگات؟

ئایندەی ڤیزەی زێڕین یان ئیقامەی نیشتەجێبوون لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا ئێستا ئۆمیدی خستۆتە دڵی خەڵکانێکی زۆر، چەند وڵاتێک بەرنامەکانیان فراوانتر و ئاسانتر کردوە بۆ نمونە؛ قەتەر: وەبەرهێنان بە بڕی ٢٠٠ هەزار دۆلار مافی نیشتەجێبوون دەدات، لەکاتێکدا وەبەرهێنانی یەک ملیۆن دۆلار نیشتەجێبوونی هەمیشەیی پێشکەش دەکات لەگەڵ وەرگرتنی خزمەتگوزارییەکانی دەوڵەت وەک چاودێری تەندروستی و پەروەردە.  لە سعودیە: مۆڵەتی نیشتەجێبوونی پریمیۆمی هەیە کە رێگەیەکی بێ سپۆنسەرە بۆ بەهرەمەندە جیهانییەکان و وەبەرهێنەرانی بیانی. هەروەها ئیمارات: ڤیزای زێڕینی ئیماراتی هەیە کە پێویستی بە ئاستێکی بەرزتری وەبەرهێنان هەیە کە ٢ ملیۆن درهەم (نزیکەی ٥٤٥ هەزار دۆلار) بۆ وەبەرهێنەرانی خانووبەرە.

ئەو بەرنامە و پرۆگرامانە ئاماژەن بۆ بەرەوپێشچوون و گەشەسەندن لە بواری نیشتەجێبوون بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی، بەس ئاشكراکردنی لەلایەن وڵاتانی کەنداو وا دەکاتە وڵاتانی زیاتر پەنا بۆ ئەو جۆرە لە نیشتەجێبوون و وەبەرهێنان ببەن، هەرچەندە ئەو جۆرە پرۆگرامە پێشتر لەزۆر وڵاتی دیکە جگە لە کەنداو بەکارهاتووە لەناویاندا تورکیا وەک نمونەیەکی دیار لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

شایانی باسە، گەشەی ئابووری وەک زیادبوونی وەبەرهێنانی بیانی دەتوانێت ببێتە هۆی گەشەسەندنی ئابووری و ڕەخساندنی هەلی کار. ئەو جۆرە پرۆگرامەنە بێگومان هاندانی بازاڕی خانووبەرەشە بە دەرجە یەک چونکە خواستی زیاتر لەسەر موڵک دەتوانێت کەرتی خانووبەرە بەرز بکاتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی پەرەپێدانی ژێرخانی خانووبەرە. بەڵام ئەو پرۆسەیە هەر لەبواری خانووبەرە ناوەستێ بەڵکوو دەبێتە هۆی راکێشانی کەسانی بەهرەمەند و دەوڵەمەند بۆ ئەوەی لەگەڵ پیشەکانیان روو بکەنە ئەو وڵاتانە کە ئەوەش بەرزکردنەوەی سەرمایەی مرۆی باشە.

هەرچەندە  تایبەتمەندی ئەو جۆرە بەرنامانە ڕەنگە زیاتر لە بەرژەوەندی دەوڵەمەندەکان بێ، کە بە ئەگەری زۆرەوە قوڵکرنەوەی نایەکسانی کۆمەڵایەتیە لە ئاستی جیهانیدا. جگە لەوەی لەوانەیە بازاریش ناجێگیر بکا، چونکە زیادبوونی وەبەرهێنانی بیانی دەتوانێت ببێتە هۆی هەڵاوسانی خێرای نرخی خانووبەرە، ئەمەش وا دەکات نرخی خانووبەرە کەمتر گونجاو بێت بۆ دانیشتوانی ناوخۆیی. بۆیە ئەو پرۆسەیە بێ تەحەدا نابێ بەتایبەت ئەگەر بە لێشاو وەبەرهێنەرانی بیانی روو لە وڵاتێک بکەن کە ئەوەش دواجار پێویست بە چوارچێوەی یاسایی دیکە دەکات بۆ رێگریکردن لە خراپ بەکارهێنان و دڵنیابوونەوە لە ئەنجامی سەرەکی گەشەپێدانی بەردەوامە.

دەتوانیین بڵێین کە ڤیزەی زێڕین لە وڵاتانی ناوچەکە هەم دەرفەت و هەم تەحەددا دەخەنە ڕوو لە داهاتوودا. لە کاتێکدا دەتوانن گەشەی ئابووری دروست بکا یان وابکات کە بەهرەمەند جیهانیەکان بۆ خۆیان رابکێشن، بەڵام جارێ دیار نییە کە ئەو هەنگاوە دەتوانێ سوود بەو وڵاتانە بگەێنێ بۆ گەشەی بەردەوام یاخود نا؟! چونکە هێشتا نیگەرانییە ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسیەکانی وەکوو خۆی دەرنەکەوتووە.