hiwa

هیوا بەرزنجی

سعودیە لە چاوی گەشتیارێكەوە

2025-11-27

هەفتەی ڕابردوو دەرفەتی گەشتێكی چەند ڕۆژیم بۆ ڕیازی پایتەختی سعودیە بۆ ڕەخسا، ئەمەش یارمەتیدام بۆ ئەوەی دیدگا و تێڕوانینم بەرانبەر ئەو وڵاتە گۆڕانی بەسەردا بێت لەوەی گوێبیستی بووبووم لەگەڵ ئەوەی بە چاوەكانم بینیم. گەشتكردن باشترین ئەزموونە بۆ مرۆڤ، تاكو بتوانێت بەچاوی خۆی واقعی ئەو شوێن و ناوچانە ببینێت كە پێشتر بابەتی جۆراوجۆری لەبارەیانەوە خوێندۆتەوە یاخود گوێبیست بووە. 

لەم چەند خاڵەی خوارەوە هەوڵدەدەم بەكورتی باری سەرنجی خۆم لەبارەی گەشتەكەم بۆ هەردوو پارێزگای ڕیاز و دەرعییەی سعودیە بخەمەڕوو، زیاتریش تەركیزەكە دەخەمە سەر ڕیاز، چونكە زۆرینەی كاتەكانمان لەو شارەدا بەسەربرد.

1. خەڵكی ڕیاز بەگشتی "كورد"یان خۆشدەوێت و ئاشنان بە ناوی كورد، كوردستان و بارزانی، بۆیە كاتێك دەڵێی "خەڵكی كوردستانم" زۆر ڕێزت لێدەگرن و لوتف دەفەرموون، ئەمەش وادەكات كاتێك سەردانی ئەو شارە دەكەیت، هەست بە ئارامی بكەیت، هەروەها لەڕووی ئاسایش و ئارامییەوە، شارەكە زۆر ئارامە، بە كامێرا و بوونی سەدان تڕۆمبێلی هێزەكانی ئەمنی و پیاوانی پۆلیس تەنراوە.

2. سعودیە بە گشتی و ڕیاز بەتایبەت بەخێراییەكی لەڕادەبەدەر بەرەو پێشكەوتنی ژێرخان و سەرخان لە بواری بیناسازی، تەلارسازی، ڕێگاوبان، گواستنەوەی گشتی، گەشتیاری و كرانەوەی ئایینی و ئازادی تاكەكەسی هەنگاو دەنێن.

3. بەهەر شەقامێكی ڕیاز گوزەر بكەیت دەیان پڕۆژەت بەرچاو دەكەوت كە شەو و ڕۆژ كاری تێدا دەكرێت، بەجۆرێك هەست دەكەیت دەسەڵاتدارانی سعودیە زۆر پەلەیانە تاكو بەخێرایی بگەنەوە وڵاتانی پێشكەوتوو بەتایبەت لە بواری گەشتیاری، ڕێگاوبان و بیناسازی.

4. پلانی حكومەت بۆ فراوانكردنی ڕێگا سەرەكییەكانی شارەكە دوورمەودایە، ئەمەش وایكردووە زۆرینەی شەقامە سەرەكییەكانی ناو شار و دەرەوەی شاری ڕیاز جووتسادی گەورە و فراوانی سێ ڕێڕەویی و چوار ڕێڕەویی بن، تاكو بەرگەی زۆربوونی ژمارە دانیشتوان و چوونی گەشتیاران و زۆربوونی ژمارەی تڕومبێل بگرن، ئەمەش وایكردووە جووڵە لە شارەكەدا ئاسان بێت، ئەگەرچی هێشتا جەنجاڵییەكی زۆر دەبینرێت.

5. بەپێی دوایین داتاکانی دەستەی پەرەپێدانی ڕیاز (Royal Commission for Riyadh City)، ڕووبەری ئاوەدانی، یاخود ئەو بەشەی شارەکە کە ئێستا بینا، شەقام و خزمەتگوزاری تێدایە، زیاتر لە سێ هەزار  کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، بەڵام شارەوانی ڕیاز ئامانجیەتی تا ساڵی 2030 ڕووبەرەكە بۆ زیاتر لە پێنج هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە فراوان بكات، ئەمەش وایكردووە سەدان پڕۆژەی خانووبەرە و نیشتەجێبوون و گەشتیاری لەو شارەدا جێبەجێ بكرێن بە بەهای ملیارەها دۆلار.

6. ڕیاز بەوە ناسراوە کە شارێکی تەخت و ئاسۆییە (Horizontal City)، واتە لەجیاتی ئەوەی زۆرترین باڵەخانەی بەرز دروست بکرێت، شارەکە بە زەوی تەختدا زۆر کشاوە و بڵاوبۆتەوە، ئەمەش وایکردووە پێویستی بە تۆڕێکی گواستنەوەی وەک میتڕۆ و پاسی زۆر گەورە هەبێت بۆ ئەوەی کۆنتڕۆڵ بکرێت، بۆیە حكومەت گرنگی زۆری داوە بە گواستنەوەی گشتی، بەجۆرێك ئێستا میتڕۆیەكی بێ شۆفێری لە ژێر زەوی و سەر زەوی دروستكردووە، كە شەش هێڵ و (85) وێستگەی وەستان لەخۆ دەگرێت، بەدرێژایی (176) كیلۆمەتر بە تێچووی زیاتر لە (22) ملیار دۆلار. نرخی هاتووچۆ تەنیا چوار ڕیاڵە (نزیكەی هەزار و دووسەد پەنجا دیناری عێراقی دەكات) ڕۆژانە زیاتر لە (18) كاتژمێر لە خزمەتدایە لە كاتژمێر 5:30 بەیانی كراوەیە تاكو 12ـی شەو. میتڕۆكە لە ساڵی 2014 دەستكراوە بە دروستكردنی و لە كۆتایی 2024 بەڕووی هاوڵاتیاندا كراوەتەوە و هێشتا كاركردن لە چەند هێڵێكی دیكەی بەردەوامە تاكو هەموو شارەكە دەگرێتەوە.

7. هەروەها سیستەمی هێڵی پاسی ڕیاز (Riyadh Bus)، بە شێوازێكی زۆر مۆدێرن و پێشكەوتوو دروستكراوە و لە چەندین هێڵ پێكهاتووە و ڕووماڵی زۆرینەی پایتەخت دەكات، تۆڕەکە لە نزیکەی (800) پاس پێکهاتووە و بەسەر (80) هێڵی جیاواز دابەشكراوە و نزیكەی سێ هەزار وێستگەی وەستانی مۆدێرنی بۆ دروستكراوە، تاكو بەكارهێنەران ڕووبەڕووی گەرمای هاوین و سەرمای زستان نەبنەوە. هێڵەكانی پاس هاوتەریبی میتڕۆكە دروستكراوە و ئەمساڵ كەوتۆتە خزمەتی خەڵك و بۆتە تەواوكاری میترۆكە، ئەمەش كارئاسانی زۆری بۆ جووڵەی هاوڵاتیان و گەشتیاران دروستكردووە. پاسەكان ڕۆژانە لە كاتژمێر 5ـی بەیانی تاكو 12ـی شەو بەردەستن. نرخی گواستنەوە تەنیا چوار ڕیاڵە، بەڵام تایبەتمەندییەكی زۆر گرنگی هەیە، ئەویش كاركردنی بلیتەکەیە بۆ ماوەی دوو کاتژمێر، واتە لەم دوو کاتژمێرەدا دەتوانیت چەند پاسێک بگۆڕیت بە هەمان چوار ڕیاڵەكە، بە مەرجێک لە دەرگای چوونە ژوورەوەی پاسەکەوە کارتەکە لێبدەیت. جیا لەوەی دەتوانی هاوبەشی هەفتانە و مانگانە بكەیت وەكو میتڕۆكە بە نرخێكی زۆر هەرزانتر.

8. بەپێی دوایین داتاكان ژمارەی دانیشتووانی سعودیە زیاتر لە (36) ملیۆنە، لەو ژمارەیە نزیكەی نۆ ملیۆنی لە ڕیاز دەژین، بەڵام بەهۆی چوونی ژمارەیەکی زۆری خەڵكی بیانی بۆ کارکردن لە پڕۆژە گەورەكاندا، ڕێژەكە بەردەوام ڕوو لە زیادبوونە، بەجۆرێك زیاتر لە 52% دانیشتووانی ئێستای ڕیاز لە خەڵكی بیانی پێكهاتوون، واتە دانیشتووانی شارەكە كە بە ڕەگەز سعودین كەمترە لە 48%. زۆرینەی ئەوانەی لەو وڵاتەدا كار دەكەن لە بەشەكانی خزمەتگوزاری و كرێكاری كار دەكەن كە هاوڵاتی هیندستان، پاکستان، بەنگلادیش، میسر، فلیپین و یەمەنن.

9. ڕیاز لە شارێکی داخراوەوە ئێستا بۆتە شارێک کە ساڵانە ملیۆنان بیانی ڕووی تێدەکەن، بەتایبەت لە وەرزی زستاندا. بەپێی داتا فەرمییەكانی سعودیە ساڵی 2024 زیاتر لە چوار ملیۆن گەشتیاری بیانی ڕوویان لە ڕیاز كردووە، ئەمساڵ تائێستا زیاتر لە شەش ملیۆن گەشتیار ڕوویان لە شارەكە كردووە و ژمارەكەش ڕووی لە هەڵكشانە، بەجۆرێك كاتێك لە شەقام و شوێنە گشتییەكانی ڕیاز ڕێ دەكەیت، هێندە خەڵكی بیانی و گەشتیار دەبینی، نیو هێندە خەڵكی ڕەسەنی شارەكە نابینیت.

10. گەرچی دۆخی ئابووری خەڵكی ڕیاز (سعودییەكان) تاڕادەیەك باشە و ژمارەی دەوڵەمەند لە شارەكە زۆرە، بەڵام ئەوەی سەرنجماندا كەمتر گەشبینی و ڕووخۆشی بە ڕووخساری خەڵكەكەوە دیارە، پرسی گرانی هەموو شت، بوونی باج لەسەر زۆرینەی خزمەتگوزاری و كاڵاكان و خواردن (بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی سعودیە، ساڵی 2024 کۆی داهاتی باج و ڕسوماتی وڵاتەكە (128) ملیار دۆلار بووە، بۆ ئەمساڵ دەگاتە (133) ملیار دۆلار)، هەروەها نەبوونی ئازادی ڕادەربڕین لە ڕووی سیاسی، ئابووری و كۆمەڵایەتییەوە هۆكارگەلێكن بۆ ئەم بابەتە.

11.   لەم ساڵانەی دوایی كرانەوەیەكی زۆر لە سعودیە و بەتایبەت لە ڕیاز لە ڕووی كەلتووری و كۆمەڵایەتی ڕوویداوە، بۆ نموونە ڕۆژانە دەیان ئافرەت لە ڕیاز دەبینرێت شۆفێری دەكەن، بەشێك لە ئافرەتان پەچەكانیان لاداوە، بەڵام هێشتا زۆرینەی پەچە (نیقاب) دەكات، ئەمەش دیاردەیەكی كۆمەڵایەتییە تاكو ئایینی. بەشێكی كەم لە ئافرەتانی سعودی و بیانی بێ سەرپۆش و جلی كراوە دەبینرێن. ئافرەتانێكی زۆر دەبینرێن كە بەتەنیا ڕۆژانە هاتوچۆ دەكەن و تا درەنگی شەو ئافرەتانی تەنیا یاخود بە گرووپی بچووك دەبینرێن، كە پێشتر ئەمە ڕێگە پێنەدراو بووە.

12.  بەشێك لە ئافرەتانی ڕیاز گەرچی پەچە دەپۆشن، بەڵام جگەرە و نێرگەلە كێشان لەنێویاندا زیادی كردووە، بە وتەی خەڵكی شارەكە، ئەمە بەشێكە لە پڕۆسەی كرانەوە و دیدگای 2030. هاوكات كۆفی و ڕیستۆڕانتەكانی شارەكە جمەیان دێت لە ئافرەت.

13.  یەكێك لە دیاردە ناشیرینەكانی ڕیاز "هۆڕن لێدانە"، ڕۆژانە گوێبیستی سەدان و هەزاران هۆڕن دەبی، بەهۆ و بێهۆ شۆفێران هۆڕن بۆ یەكتر و پیادەڕۆ لێدەدەن. بوونی ژمارەیەكی زۆری شۆفێری بیانی وەكو پاكستانی، هیندی، فلیپینی، بەنگلادیشی و یەمەنی...هتد هۆكارن بۆ ئەم دیاردەیە. شۆفێریكردن لە ڕیاز ماندووكەرە، هەزار خۆزگە بە هەولێر دەخوازی، چونكە كەمترین پابەندی هەیە بە یاساكانی هاتوچۆ، تاكە شت پێوەی پابەند بن وەستانیانە لە تڕافیكلایت، ئەمەش بەهۆی ئەوەی لێدان لە هێڵی سوور، سزای قورسی بۆ دانراوە.

14. یەكێكی دیكە لە لایەنە نەرێنییەكانی ڕیاز، كەمی ڕێژەی سەوزاییە، ئەگەرچی كەشوهەوا لەبارە بۆ چاندن و گەشەكردنی چەندین جۆری دار و سەوزكردنی ڕێگا و دوورگەكانی نێوان ڕێگا سەرەكییەكان، بەڵام بەهۆی ئەوەی خەڵكی شارەكە زیاتر لەگەڵ بیابان ڕاهاتوون، پاراستنی ژینگە لایان نەبۆتە كەلتوور، ئەمەش وایكردووە لە شارەكەدا زیاتر چاوت بە بەرد و شەقامی دوورودرێژی وشك بكەوێت.

15.  شازادەی جێنشین (محەمەد سەلمان)، ئامانجیەتی ڕیاز بكاتە گەورەترین شاری گەشتیاری و وەبەرهێنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش وایكردووە لە ڕێگەی دیدگای 2030 گۆڕانكاری گەورە لەو شارەدا ئەنجام بدات، بەجۆرێك لەم وەرزەدا (مانگەكانی نۆڤێمبەر تاكو شوبات وەرزی گەشتیاری و چالاكی وەبەرهێنانی ڕیازە). سەدان چالاكی جۆراوجۆر بۆ ڕاكێشانی وەبەرهێنەران و گەشتیاران بەڕێوەبچن، ڕۆژانە فیستیڤاڵ، كۆنفرانس، كردنەوەی پێشانگای گەورە، ئاهەنگ...هتد ئەنجام دەدرێن.

 

16.  پێشانگای نێودەوڵەتی سیتی سكیپ (Cityscape Global)، یەكێك لە گەورەترین پێشانگاكانی جیهانە، كە لە ناوچەی مەلهەم (Malham) بەڕێوەدەچێت، كە دەكەوێت باکووری ڕیاز بە دووری 80 كیلۆمەتر، پێشانگاكە ئەمساڵ لە ڕۆژانی 17-20ـی نۆڤێمبەر بەڕێوەچوو. ئەوەی لەم پێشانگایە دەبینرێت سەرسووڕهێنەرە لە ڕووی گەورەیی ڕووبەری پێشانگاكە و بەشداری زۆری كۆمپانیاكان، بەجۆرێك ئەمساڵ (577) كۆمپانیا و دەزگای گەورە بەشدار بوون، (265) كۆمپانیا بیانی بوون كە لە (120) وڵاتەوە هاتبوون، لە پێشانگاكەدا بە بەهای زیاتر لە (63) ملیار دۆلار گرێبەست واژۆ كرا، هەروەها زیاتر لە (180) هەزار كەس سەردانی پێشانگاكەیان كردووە. یەكێك لەو شتانەی لەم پێشانگایە سەرنجی ڕاكێشام بەهێزی ئەمنیەتی پێشانگاكە و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكی زۆر بوو، كە هاوشێوەیەم نەبینیووە، بەجۆرێك سەدان كەس دانرابوون بۆ پێدانی ڕێنموونی و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری خۆڕایی بە بەشداران.

17.  ڕیاز بەرەو گۆڕانكارییەكی گەورە هەنگاو دەنێت، گەر هیچ پێشهاتێكی نەخوازراو نەیەتە پێش، لە چەند ساڵی داهاتوو دەبێتە ئەستێرەیەكی گەشاوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. دروستكردنی دەیان ناوچەی گەشتیاری ناوازە، بوونی دەیان مۆزەخانە و كتێبخانەی گەورە و شوێنی سەرنجڕاكێش هانی گەشتیاران دەدات سەردانی بكەن.

 

هیوا بەرزنجی