hawkar snjawi

د. هاوکار جەبار

٢٠٢٥؛ ساڵی خۆگونجاندن، تەکنەلۆژیا و گەشەی هێواش لە بازاڕی خانووبەرە

2025-12-22

لە ساڵی ٢٠٢٥، بازاڕی خانووبەرە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ـ و بە تایبەتی لە هەرێمی کوردستان ـ ماوەی نزیکەی دوو ساڵە لە دۆخێکی جێگیر و سەقامگیر دایە. ئەم سەقامگیرییە، سەرەڕای نادڵنیای سیاسی و ئابووری لە ئاستی ناوچەیی و ناوخۆیی، نەبووەتە هۆی داڕمانی بازاڕ، بەڵکو گۆڕانکارییەکان بە شێوەی هێواش و بەردەوامن.

بەپێ قسەی میوانێکی «موڵک کافێ» لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ سەرۆکی ئاژانسی موڵک-نیوز، کە یەکێکە لە وەبەرهێنەرانی دیاری بازاڕی خانووبەرە، "بازاڕی کوردستان لە ساڵی  ٢٠٢٥ جەڵتە لێداوە". بەپێ شیکارییەکان هەمووی دەگەڕێنەوە بۆ نا-دڵنیای ئابووری و سیاسی، جگە لەوە هۆکارەکانی وەک تەکنەلۆژیا، گۆڕانکاری دیمۆگرافی و سیاسەتی حکومەتەکان کاریگەرییان هەبووە لەسەر ئاراستەی وەبەرهێنان و جوڵەی بازاڕ.

جیاوازییە ناوچەییەکان

بەپێ زانیارییەکان، هەندێ بازاڕ وەک بەغدا لە ساڵی ٢٠٢٥ پێشکەوتنیان هەبووە بە بەراورد لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەهۆی راگەیاندنی پرۆژە نوێ و دابەشکردنی زەوی. لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بازاڕی دوبەی و تورکیا سەقامگیرتر بوون. لە دوبەی، ئەم ساڵە سەرنج زیاتر لەسەر ڤیلاکان بووە، لە کاتێکدا لە تورکیا سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخەکان، وەبەرهێنانی بیانی و کڕیارانی دەرەکی بە شێوەی چاوەڕوان ‌نەکراو زیاد نەبوون. ئەمەش بەهۆی ئەوەی وڵاتانی کەنداو، وەک سعودی، ئیمارات و عومان، پرۆگرامەکانی ڤیزەی درێژخایەن و نیشتەجێبوونیان بە شێوەی ڕاگەیاندراو خستەڕوو بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنەران، کە موڵک-نیوز بە وردی شێوازی ئەو پرۆگرامانەی شیکردۆتەوە.

تەکنەلۆژیا و ئەی-ئای؛ گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکان

ساڵی ٢٠٢٥ شایەنی ئەوە بوو کە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا ـ بە تایبەتی ئەی-ئای (AI) ـ بوو بە بابەتی سەرەکی لە بازاڕی خانووبەرە. وڵاتان دەستیان کردووە بە بەکارهێنانی ئەی-ئای بۆ شیکارکردنی داتاکان، هەڵسەنگاندنی نرخەکان، پێشبینیکردنی داواکاری و هەڵسەنگاندنی مەترسی وەبەرهێنان.

هەرچەندە لە کوردستاندا ئەم بەکارهێنانە هێشتا سنووردارە، بەڵام وەبەرهێنەران زیاتر لە جاران پشت بە بڕیارە پشتبەستووەکانی داتا دەبەستن. لە ئاستی جیهانیدا، ئەم ئاراستەیە هێندە گەورەیە کە تەنانەت گووگڵ ڕاگەیاندووە لە ساڵی ٢٠٢٦ گۆڕانکاری بنەڕەتی لە گەڕان و خزمەتگوزارییەکانی بواری عەقارات ئەنجام بدات.

دیجیتاڵیزەکردن و شەفافیت

بەکارهێنانی ئاپەکان، میدیای دیجیتاڵ و پلاتفۆرمە ئۆنلاینەکان وایکردووە نرخەکان واقعیتر بن و زێدەڕۆیی لە نرخی خانووبەرە کەمبکرێتەوە. لە ساڵی ٢٠٢٥، زۆربەی بازاڕکردنەکان لە ڕێگای لیستکردنی ئۆنلاین بوون، کە دەستڕاگەیشتن بە بازاڕی فراوانتر و هەڵسەنگاندنی ئاسانتر بۆ کڕیاران دروست کرد.

بینا زیرەکەکان؛ لە لوکس بۆ ستاندارد

لە شارەکانی وەک دوبەی، ڕیاز و دۆحە، بەکارهێنانی بینا زیرەکەکان و سیستەمە تەکنەلۆژییەکان بوونە ستاندارد، نەک شتێکی لوکس. لە کوردستاندا، هێشتا سیستەمە بنەڕەتییەکان وەک ئاو، کارەبا و ئاسایش یەکەم هەڵبژاردەن لە پرۆژە نوێیەکان، بەڵام هێواش هێواش گرنگی زیاتر بە مۆدیرنیەتی و کوالیتی خزمەتگوزاری دەدرێت.

داواکاری و جۆری خانووبەرە

بەپێچەوانەی بازاڕی ئیمارات، لە کوردستاندا هێشتا داواکاری زیاتر لەسەر شوقەی ناوەندی و خانووبەرەی گونجاوە، نەک یەکە زۆر لوکسەکان. نموونەی ئەمە کێشەکانی فرۆشتن لە هەندێ پرۆژەی دیارە وەک «پاڤیلۆن»ە. بەڵام پرۆژەکانی دیکە نیشانی دەدات کە سەرەڕای فشارە ئابوورییەکان، داواکاری بە جێگیری ماوەتەوە.

سیاسەتی حکومەت و متمانە

لە ساڵی ٢٠٢٥، وڵاتانی کەنداو و تەنانەت عێراق هەنگاویان نا لە سیاسەت و یاساکان بۆ دروستکردنی متمانە. دیجیتاڵکردنی تۆماری زەوی، پلاندانانی شەفاف و پرۆگرامەکانی نیشتەجێبوون (وەک ڤیزەی زێڕین) متمانەی وەبەرهێنەران بەهێز کرد. لە کوردستاندا، هێشتا نادڵنیای یاسایی و دارایی هەیە، سیستەمی گرێبەستی خانووبەرە سنووردارە و پرۆگرامێکی ڕوون بۆ قەرزی پەیوەست بە خانووبەرە نیە، سەرەڕای دابەشکردنی زەوی لە ساڵی ٢٠٢٥ کە هێشتا کاریگەری دیاریکراوی دروست نەکردووە.

متمانە؛ کلیلی ساڵی ٢٠٢٥

بەهۆی ئەزموونی خراپی خەڵک لە هەندێ پرۆژەی ناتەواو، وەبەرهێنەران لە ساڵی ٢٠٢٥ جەختیان لەسەر متمانە، شەفافیت و ڕاستگۆیی کردووە. بۆیە «متمانەی پرۆژە» بوو بە گرنگترین ئامراز لە بازاڕکردن لە کوردستاندا.

کۆتایی

لە کۆتاییدا، دەکرێ بڵێین ساڵی ٢٠٢٥ ساڵی گۆڕانکاری هێواش، خۆگونجاندن و دیجیتاڵیزەکردن بوو لە بازاڕی خانووبەرە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە کوردستاندا، هەرچەندە هێشتا ئاستەنگی یاسایی و دارایی هەیە، بەڵام گرنگی زیاتر بە کوالیتی ژێرخان، داتا و خزمەتگوزاری دراوە. وانەکە ڕوونە: ئەوەی لە کوردستاندا هێشتا لوکسە، لە جیهاندا بووەتە ستاندارد، و ئەمە پێویستی بە گۆڕانکارییە ستراتیژییەکان هەیە بۆ داهاتووی بازاڕ.