چیا سەعدی یەحیا
بابەتی وەرگرتنی عەرەبوون چییە؟
2026-07-06
وەرگرتنی عەرەبوون لە نێوان فقهی ئیسلامی و واقیعی بازاڕی خانوبەرەدا
عەرەبوون چییە؟
وەرگرتنی عەرەبوون ئەو کاتەیە کاتێک کەسێک بیەوێت کاڵایەک یان موڵکێک بکڕێت یان بەکرێ بگرێت، بۆ حجزکردن و ڕاگرتنی موڵکەکە بڕە پارەیەک دادەنێت تا کۆتایی بە مامەڵەکە دەهێنێت.
ئەگەر لە ماوەی دیاریکراودا کڕیارەکە پارەکەی تەواو کرد، ئەوا عەرەبوونەکە دەبێتە بەشێك لە نرخی گشتی یان کرێیەکە.
ئەی ئەگەر کڕیارەکە پەشیمان بووەوە، چارەنووسی پارەکە چی بەسەر دێت؟ ئەم بابەتە لە فیقهی ئیسلامیدا دوو بۆچوونی سەرەکی لەسەرە:
١- بۆچوونی یەکەم: دەبێت پارەکە بە تەواوی بۆ کڕیار بگەڕێندرێتەوە و فرۆشیار مافی گلپێکردنی نییە (ئەمە ڕای زانایانی حەنەفی، مالیکی، و شافعییە).
٢- بۆچوونی دووەم: ئەگەر کڕیار بەبێ هۆکار پەشیمان بووەوە، پارەکە دەبێتە مافی فرۆشیار یان خاوەن موڵک وەک قەرەبوو (ئەمە ڕای ئیمامی ئەحمەدی کوڕی حەنبەلە).
بەڵگەی بۆچوونی دووەم کە زانایانی سەردەم و دەزگا داراییە نێودەوڵەتییەکان وەک ڕای ڕاجح و پەسەند کاری پێدەکەن، چییە؟
ڕووداوەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی خەلافەتی عومەری کوڕی خەتتاب (لە نێوان ساڵانی ١٣ بۆ ٢٣ی کۆچی). لەو سەردەمەدا بنەمایەکی زێڕین بۆ دادپەروەریی بازرگانی داڕژرا کە تا ئەمڕۆش بازاڕ و کەرتی خانوبەرەی پێ بەڕێوە دەچێت.
دەوڵەتی ئیسلامی پێویستییەکی زۆری بە شوێنێک بوو بۆ ئەوەی بیکاتە یەکەمین زیندانی فەرمی لە مەککە. بۆ ئەم مەبەستە، "نافیعی کوڕی عەبدولحاریس" (والی مەککە)، خانوویەکەی "سەفوان کوڕی ئومەییە"ی هەڵبژارد و نرخەکەی بە ٤٠٠٠ درهەم دیاری کرد.
بۆ گەرەنتی کردنی مافی هەردوولا، نافیع گرێبەستێکی مەرجدار و دادپەروەرانەی لەگەڵ سەفواندا بەست و پێی گوت: "ئێمە ئەم خانووەت لێ دەكڕیینەوە؛ ئەگەر عومەری ئەمیری باوەڕداران بەم کڕینە ڕازی بوو، ئەوا مامەڵەکەمان تەواوە و تەواوی چوار هەزار درهەمەکەت ڕادەست دەکەین."
بەڵام ئەگەر پێچەوانەکەی ڕوویدا چی؟ لێرەدا نافیع یەکەمین یاسای (عەرەبوون)ی لە مێژوودا چەسپاند و مەرجی دووەمی دانا: "ئەگەر عومەر ڕازی نەبوو و ئێمە لە کڕینی خانووەکە پەشیمان بووینەوە، ئەوا بڕی ٤٠٠ درهەم (کە دەکاتە ١٠٪ی نرخەکە) بۆ تۆ دەبێت، وەک قەرەبوویەک لە بەرامبەر ڕاگرتنی موڵکەکەت و پەککەوتنی لە بازاڕدا."
ئەم ٤٠٠ درهەمە بووە یەکەمین (عەرەبوون) لە مێژووی مامەڵە داراییەکاندا کە دواتر عومەر كوڕی خەتتاب پەسەندی کرد و هاوەڵانیش هاوڕای بوون. پاشانیش بووە سەرچاوەیەکی بنەڕەتی بۆ پشتبەستنی زانایان تا بسەلمێنن کە عەرەبوون ئامرازێکی شەرعی و یاساییە بۆ پاراستنی مافی وەبەرهێنەر و خاوەن موڵک و ڕێگریکردن لە شڵەژانی بازاڕ.
لە کۆتاییدا وەک ڕێنوێنییەک دەڵێم: پێویستە فرۆشیار یان خاوەن موڵک سەیر بکات؛ ئەگەر هاتوو بەهۆی ڕاگرتنی موڵکەکەوە زیانێکی ئەوتۆی بەرنەکەوتبوو و زەرەرمەند نەببوو، و کڕیارەکەش لەبەر عوزرێکی شەرعی یان ناچاری پەشیمان بوبووەوە، ئەوا زۆر باشترە وەک چاکەیەک عەرەبوونەکەی بۆ بگەڕێنێتەوە،. والله أعلم.
ئامادەکردنی:
چیا سەعدی یحیی
توێژەر لە فیقهی مامەڵە داراییەکان لە ئیسلامدا
بەڕێوەبەری عقارات حەیات – هەولێر