دابین

دابین ئیبراهیم

هاوکێشەی بەڵێندەر و پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون

2026-07-06

هاوکێشەی بەڵێندەر و پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون: فریادڕەسی کار یان سووتێنەری نرخ؟


کەرتی وەبەرهێنان و پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان، بە قۆناغێکی هەستیار و پڕ لە گۆڕانکاریدا تێپەڕ دەبن. یەکێک لە دیارترین و کاریگەرترین ڕەهەندەکانی ئەم کایەیە کە ڕاستەوخۆ دەست دەخاتە سەر دیاریکردنی نرخ و هاوسەنگیی بازاڕ، سروشتی پەیوەندیی نێوان "کۆمپانیای وەبەرهێنەر" و "بەڵێندەرە لاوەکییەکانە" (مقاول). ئەم هاوبەشییە هەمیشە وەک بزوێنەری سەرەکیی پڕۆژەکان دەبینرێت، بەڵام لە هەمان کاتدا دەکرێت ببێتە هۆی شڵەژانی نرخ و دروستبوونی بازاڕێکی هاوتەریب کە کۆنتڕۆڵکردنی ئاسان نەبێت.

سیستەمی دارایی پڕۆژەکان: لەنێوان نەختێنە و ئاڵوگۆڕدا
بۆ تێگەیشتن لەم داینامیکییەتە، دەکرێت پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لە ڕووی شێوازی مامەڵەکردن و پارەدان بە بەڵێندەران بۆ دوو جۆری سەرەکی دابەش بکەین:

1.   پڕۆژەکانی سەداسەد نەقدی 
ئەم جۆرە پڕۆژانە پشت بە نەختێنەی بەهێز و داهاتی ڕاستەوخۆی فرۆشتنی پێشوەختە بە کڕیاران دەبەستن. لێرەدا بەڵێندەر (مقاول) حەقدەستی خۆی بە تەواوی بە پارەی نەقد (کاش) وەردەگرێت. ئەگەرچی ئەم شێوازە لە کاتی قەیرانی داراییدا مەترسیی خاوبوونەوەی کارەکانی لێدەکەوێتەوە، بەڵام سوودێکی گەورەی هەیە کە بریتییە لە جێگیرکردنی نرخ لە کاتی فرۆشتندا، چونکە کۆمپانیا تەنیا مەرجەع و دیاریکەری نرخی یەکەکانی نیشتەجێبوونە.

2.   پڕۆژەکانی سیستەمی ئاڵوگۆڕ 
لەم مۆدێلەدا، کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکان بۆ کەمکردنەوەی فشاری دارایی سەرشانیان، ڕێککەوتنی جیاواز لەگەڵ بەڵێندەران دەکەن. بۆ نموونە، 70% وەرگرتنی پارەی کاشە وە 30%ـی وەرگرتنی یەکەیەکە لە یەکەکانی پڕۆژەکە. ڕێژەکەی تری بە پێدانی یەکەی نیشتەجێبوون (شوقە یان ڤێلا) لەناو خودی پڕۆژەکەدا قەرەبوو دەکەنەوە. لێرەوە گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکانی بازاڕ و کورتهێنانی نرخەکان دەستپێدەکات.

کەیسی "هەواری شار" و دروستبوونی شۆکی نرخ
ناوچەی هەواری شار لە سلێمانی وەک نموونەیەکی زیندوو و بەرجەستەی ئەم واقیعە سەیر دەکرێت. لەم جۆرە ناوچانەدا بەهۆی زۆریی ڕێژەی شوقەی بەڵێندەران (شوقەی مقاول)، گۆڕانکارییەکی گەورە بەسەر نرخی یەکەکاندا هاتووە.
کاتێک بەڵێندەرێک لە بەرامبەر دابینکردنی کەرەستەی بیناسازی یان جێبەجێکردنی قۆناغەکانی کارکردن، ژمارەیەک شوقە وەک حەقدەست وەردەگرێت، ئەو پێویستییەکی خێرا و دەستبەجێی بە نەختێنە (کاش) دەبێت بۆ ئەوەی بتوانێت مووچەی کرێکارەکانی بدات و کەرەستە بۆ پڕۆژەکانی تر بکڕێت. ئەم پێویستییە خێرایە وای لێدەکات کە شوقەکان بە نرخێکی زۆر کەمتر لە نرخی فەرمیی کۆمپانیا بخاتە بازاڕەوە.
لە هەندێک حاڵەتدا، نرخەکان بە ڕێژەی نزیکەی 80% بەراورد بە نرخی بنەڕەتی سێنتەری فرۆشتنی پڕۆژەکە دادەبەزن. ئەم دیاردەیە لە ڕووی ئابوورییەوە پێی دەوترێت "سووتانی نرخ"، کە تێیدا ململانێیەکی ناهاوسەنگ لە نێوان نرخی فەرمیی کۆمپانیا و نرخی شکێنراوی بەڵێندەردا دروست دەبێت.
ڕەهەندە ئەرێنی و نەرێنییەکانی شوقەی بەڵێندەر
ئەم هاوکێشە ئابوورییە شیکارییەکی دوولایەنە هەڵدەگرێت:
لایەنی ئەرێنی (بۆ کڕیار و بازاڕ): بوونی شوقەی بەڵێندەر دەبێتە هۆی دروستبوونی هەلێکی زێڕین بۆ ئەو هاووڵاتی و کڕیارانەی کە بوودجەیەکی سنوورداریان هەیە. ئەوان دەتوانن بە نرخێکی زۆر گونجاوتر ببنە خاوەنی مڵک. لە لایەکی تریشەوە، ئەم سیستەمە ڕێگری دەکات لە وەستانی تەواوەتی پڕۆژەکان لە کاتی نەبوونی سیولەی نەقدی لای وەبەرهێنەر.
لایەنی نەرێنی (بۆ وەبەرهێنەر و سەقامگیریی بازاڕ): ئەم دابەزینە هەڕەمەکییەی نرخ، متمانەی کڕیارە کۆنەکان لاواز دەکات کە بە نرخی گرانتر شوقەیان کڕیوە. هەروەها دەبێتە هۆی سستبوونی فرۆشتنی ڕاستەوخۆی کۆمپانیاکان، چونکە کڕیار هەمیشە ڕوو لە بازاڕی هاوتەریب (بەڵێندەران) دەکات.

"بەڵێندەر خەونەکان لەسەر کاغەزەوە دەکاتە کۆنکرێت و بەرد، بەڵام کێ ئەو خەونانە دەگەیەنێتە دەستی خاوەنەکانیان؟ لێرەوە چیرۆکی گەورەترین هاوبەشی ستراتیژی لە نێوان سازێنەری پڕۆژەکە و ناسێنەری بازاڕدا دەستپێدەکات."

پەیوەندیی نێوان بەڵێندەر و نووسینگەی خانووبەرە، هاوبەشییەکی ستراتیژییە کە لە هاوکێشەی (دروستکردنی زیرەک + بازاڕکردنی سەرکەوتوو) کورت دەبێتەوە. لێرەدا گرنگترین ڕەهەندەکانی ئەم هاوبەشییە بە کورتی دەخەینە ڕوو:

1.    تەواوکاریی سێگۆشەی بازاڕ (خواست، نرخ، کوالێتی)
نووسینگە: خواست و پێویستی ڕاستەقینەی کڕیار دەگەیەنێتە بەڵێندەر.
بەڵێندەر: ئەو خواستە دەگۆڕێت بۆ واقیعێکی ئەندازیاری بە کوالێتیی بەرز و نرخێکی هاوسەنگ.

2.   دابینکردنی نەختینە لە ڕێگەی (پێشوەختە فرۆشتن)
نووسینگەکانی خانوبەرە بەهێزترین کەرەستەی بە بازاڕکردنن. ئەوان بە فرۆشتنی یەکەکان لە قۆناغی (نەخشە یان بنەچەدا)، لایەنی دارایی و نەختینەی بەردەوام بۆ بەڵێندەر دابین دەکەن تا پڕۆژەکە بێ وەستان بەڕێوە بچێت.

3.    متمانە و ناوبانگی دوولایەنە
ناوبانگی بەڵێندەر لە جێبەجێکردنی کات و کوالێتی، دەبێتە گەرەنتی و چەکی دەستی نووسینگەکان بۆ ڕاکێشانی کڕیار. بەپێچەوانەشەوە، ڕەفتاری پیشەیی نووسینگەکان متمانەی وەبەرهێنەران بۆ لای بەڵێندەرەکە ڕادەکێشێت.

4.    ئەندازیاریی نرخ و ڕێگری لە ساردبوونەوەی بازاڕ
هاوسەنگیی نێوان تێچووی دروستکردن (لای بەڵێندەر) و توانای کڕینی کڕیار (لای نووسینگە) وا دەکات پڕۆژەکان بە نرخێکی گونجاو پێشکەش بکرێن، کە نە ببێتە هۆی زیانی بەڵێندەر و نە سستبوونی بازاڕی فرۆشتن.

دەرەنجام
سروشتی پەیوەندیی نێوان بەڵێندەر و پڕۆژەکان، پێویستی بە جۆرێک لە ڕێکخستنی یاسایی و دارایی هەیە لە لایەن لایەنە پەیوەندیدارەکان و خودی کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکانەوە. پێویستە میکانیزمێک بدۆزرێتەوە کە بەڵێندەر ناچار نەکات بۆ بەدەستهێنانی کاش، نرخەکان بە شێوازێکی زیانبەخش بشکێنێت. بازاڕی موڵک لە ئێستادا دەرفەتێکی باش پێشکەش بە کڕیاران دەکات، بەڵام گرنگە کڕیار پێش هەنگاونان، لە ڕێوشوێنە یاساییەکانی گواستنەوەی خاوەندارییەتی موڵکەکە لە فەرمانگەی فەرمیی پڕۆژەکە دڵنیا ببێتەوە.
بەڵێندەر "سازێنەری ڕەقەکاڵای" پڕۆژەکەیە و نووسینگەی خانووبەرە "نەرمەکاڵای" ناساندن و فرۆشتنیەتی؛ سەرکەوتنی هەر پڕۆژەیەک لە گرێدانی دروستی ئەم دوو جیهانەوە دێت.
بۆیە "لە جیهانی هاوچەرخی وەبەرهێناندا، پڕۆژە نیشتەجێبوونەکان تەنها نەخشەی سەرکاغەز نین، بەڵکو تاقیکردنەوەی ڕاستەقینەی لێهاتوویی بەڵێندەرن. کوالێتیی ژیانی هەزاران خێزان بەندە بەو وردەکارییە ئەندازیارییانەی بەڵێندەر لە خشتی یەکەمەوە دایان دەنێت."