ئومێد سلێمان
عەقارات چییە؟
2026-07-18
عەقارات چییە؟
زۆربەی خەڵک وا دەزانن عەقارات تەنها کڕین و فرۆشتنی موڵکە. بەڵام ئەم تێگەیشتنە بەس نییە بۆ ئەوەی عەقارات وەک خۆی بناسین، من وەک ئەندازیاری پلانسازی شار، عەقارات بە شێوەیەکی تر دەبینم.
لە ڕاستیدا، هەر ڕێگایەک، هەر پارکێک، هەر قوتابخانەیەک، هەر کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون و هەر پرۆژەیەکی نوێ، بەشێکە لە جیهانی عەقارات. ئەگەر بۆ ئەمانە پلانێکی دروست دانەنرێت و بە باشی جێبەجێ نەکرێت، باشترین خانووش ناتوانێت ژیانێکی باش دابین بکات.
کاری عەقارات زیاتر لەوەیە کە تەنها بە جلێکی فەرمی و قات و چاکەتەوە موڵک بناسێنیت یان ریکلامی بۆ بکەیت بەڵکو پێویستی بە تێگەیشتنێکی قووڵ هەیە لە زەوی، پلانسازی شار، ژێرخان، شێوازی گەشەی ناوچەکان و پێداویستییەکانی مرۆڤ و کاریگەری ئەوانە لەسەر شێوازی ژیانی مرۆڤ.
عەقارات (Real Estate) بریتییە لە زەوی و هەموو ئەو شتانەی کە بە شێوەی هەمیشەیی پەیوەست بە زەوین، وەک خانوو، باڵەخانە، دوکان، کارگە، ژێرخان، ڕێگا، تۆڕی ئاو و کارەبا، و هەر گۆڕانکارییەک کە بەهای زەوی زیاد بکات.
عەقارات سیستەمێکە کە زەوی، پلانسازی شار، ئابووری، و ژیانی مرۆڤ بەیەکەوە دەبەستێتەوە، دەکرێت بڵێین هونەری دروستکردنی شوێنێکی باشتر بۆ ژیان، کار و وەبەرهێنانە.
عەقارات یەکێکە لە گرنگترین هێزەکانی گەشەی شار.
کاتێک پرۆژەیەکی نوێ لە ناوچەیەک جێبەجێ دەبێت، تەنها بینایەک زیاد نابێت؛ بەڵکو ڕێگا و خزمەتگوزاری باشتر دەبن، دەرفەتی کار دروست دەبێت، نرخ و بەهای موڵک گۆڕانکاری بەسەردا دێت، و تەنانەت شێوازی ژیانی خەڵکی ناوچەکەش دەگۆڕێت. لەبەر ئەوە، بەهای عەقار تەنها بە قەبارەی زەوی یان جوانی بیناکە دیاری ناکرێت. شوێنی جوگرافی، پلانی شار، یاسای بەکارهێنانی زەوی، ژێرخان، گواستنەوە، خزمەتگوزاری، بارودۆخی ئابووری و داهاتووی ناوچە، هەموویان بەشێکن لە بەهای ڕاستەقینەی عەقار.
بۆیە، کاتێک باسی عەقارات دەکەین، تەنها باس لە موڵک ناکەین؛ باس لە شار، شێوازی ژیان، ئابووری، کۆمەڵگا و داهاتوو دەکەین