خەبات عەبدوڵڵا
دژی خاکفرۆشی .. لە ستایشی بەرگریکردن لە خاکی کوردستان
2026-09-13
دژی خاکفرۆشی .. لە ستایشی بەرگریکردن لە خاکی کوردستان
خەبات عەبدوڵڵا
١. وەبەرهێنان لە دروستکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی داهێنانی مۆدێلێکی وەبەرهێنانە کە لە بەشێکی زۆریدا پشت بە داگیرکردن و وێرانکردنی خاک و سروشتی کوردستان دەبەستێت و بەهیچ شێوەیەک ڕەنگدانەوەی زۆربوون و هەڵکشانی ژمارەی دانیشتوانی هەرێم نییە.
٢. وەبەرهێنان لە دروستکردنی یەکەکانی نیشتەجێبووندا کەرتێکی قۆرخکراوە لەلایەن ئەوانەی لەم ساڵانەی دواییدا لە سایەی نەوتی ڕژاو و ئابووریی خێزانە حیزبییەکانەوە، بوونە ملیۆنێر و ملیاردێری دۆلار.
٣. برەودان بە بواری دروستکردنی زۆرتری یەکەکانی نیشتەجێبوون، وەبەرهێنانە بۆ دهوڵهمهندبوونی خێرا. دەوڵەمەندبوونی خێرا درێژكراوهی كولتووری تاڵانوبڕۆ و له ههمان کاتدا ڕهنگدانهوهیهكی ڕاستهوخۆی ئابووریی حیزبییه، ئهو تهرزه ئابورییهی كه جگه له كوردستان و عێراق له هیچ شوێنێكی دنیادا بوونی نییە. دهوڵهمهندبوونی خێرا جگه لهوهی لهڕێی کەسە دەستڕۆێشتووەکانی حیزب و حکومەتەوه ئاڕاستهكراوه، شێوازێكی تایبهته له دهوڵهمهندبوون له سایهی نهبوونی سیستمێكی ڕۆشنی باج و واوهتریش نهبوونی دهسهڵاتی قانووندا. بۆیە ئەم شێوازە لە وەبەرهێنان لە بەشێکیدا دەچێتە خانەی شهرعهنهكردنی تاڵانییەوە.
٤. وەبەرهێنان لەم کەرتەدا کایەیەکی لەبارە بۆ سپیکردنەوەی پارەی پیس، ئەو پارەیەی لە ئەنجامی تاڵانوبڕۆی کوردستان و عێراقەوە بەردەوام دەڕژێتە گیرفانی دەستەبژێری سیاسیی گەندەڵ و چاپلۆسە نزیکەکانیانەوە.
٥. لەو سۆنگەیەی کە بەشێکی زۆری ئەم ڤێلا و یەکانە لە مۆدێلی های کڵاسن، زۆربەیان ڤی ئای پییەکانی کورد و عەرەبی هاوردە لێی سوودمەندن نەک چینە نەدار و مامناوەندەکانی کوردستان.
٦. وەبەرهێنان لە دروستکردنی یەکەکانی نیشتەجێبووندا مۆدێلێکی نوێ و مەترسیداری تەعریبکردنی کوردستانە بەناوی وەبەرهێنانەوە. (بەگوێرەی هەندێک لە ستاتسە فەرمییەکان [هی ساڵی ٢٠٢٠] زیاتر لە یەک ملیۆن عەرەب نیشتەجێی هەرێمی کوردستانن (هەولێر ٦٠٠ هەزار ٢٩%، دهۆک ٢٧٥ هەزار ١٦%، سلێمانی ١٦٠ هەزار ٧%). [لە ئێستادا ئەو ژمارەیە ملیۆن و نیوێکی تێپەڕاندووە].
٧. ئەم مۆدێلەی وەبەرهێنان لە کاتێکدا بەردەوام کار لەسەر بە (بەهەشتکردن)ی ڕووبەری ناو سنوورەکانی خۆی دەکات، هاوتەریب دنەی (بە ئۆردوگاکردن)ی بەشەکەی تری شار دەدات.
٨. ئەم مۆدێلەی وەبەرهێنان لە کاتێکدا کار لەسەر بە (گوندکردن)ی ناوەندی شار دەکات، هاوتەریب کار لەسەر بە (مەزرەعەکردن)ی گوندەکان دەکات.
٩. سیتی و گوند و کۆمەڵگاکانی ئەم یەکانەی نیشتەجێبوون، تا ڕادەیەکی زۆر برەودانە بە دروستکردنی مڕومۆڵگە (مستوطنات)، ئەوەی کۆڵۆنیالیستە ئەوروپاییەکان لە سەدەکانی پێشوودا وەکو ستایڵێکی ژیانی تایبەت بە خۆیان و بۆ خۆجیاکردنەوە لە هاوڵاتیانی ڕەسەنی ئەو وڵاتانە، بۆ خێزان و سوپا و بازرگانانی خۆیان لە وڵاتە داگیرکراوەکاندا دروستیان دەکردن.
١٠. هۆکاری هەڵکشان بۆ داگیرکردنی ئەو ڕووبەرانەی کە هێشتا دەستی داگیرکارییان پێ نەگەیشتووە (چیا و دامێنی گۆیژە لە سلێمانی و گوند و پێدەشتەکانی دەوروبەری هەولێر بەنموونە)، برەودانە بە ژیان لەسەر هەمان ڕیتمی مڕومۆڵگە. ئەو مڕومۆڵگانەی کە تا دێت لەڕێی فراوانبوونی جیاوازییە چینایەتییەکانەوە و وەکو زۆنی ئەمنیی لەیەکدابڕاو، وردە وردە تەونی کۆمەڵایەتیی و ئاشتیی کۆمەڵایەتیی کوردەواری بەرەو لێکترازانێکی مەترسیدار دەبەن.
١١. ئەوە قسە هەڵناگرێت ئەوانەی لە پشتی ئەم کارەساتەوە وەستاون، ئەو سیاسییە گەندەڵانەن کە پۆستە حیزبی و حکومەتییە باڵاکانی خۆیان خستۆتە خزمەتی ئەم جۆرە پڕۆژانە و بوونەتە کۆمپرادۆر.
١٢. بێگومان ئەمەش لە بەشێکی گەورەیدا پێوەندی بەو گۆڕانە دراماتیکییەوە هەیە کە لەم ساڵانەی دواییدا و پاش دابارینی پارەی نەوت و گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن منداڵی سیاسییەکانەوە، بەسەر حیزبی چەکداری کوردیدا هات و لە جیاتی حیزب، ئێستا ئێمە ڕووبەڕوو لەگەڵ دەرەبەگایەتییەکی چەکداردا دەرگیرین.
١٣. ڕاستییەکەی دەسەڵاتی سیاسیی کوردیی عەیامێکە شەقاوی زل زل دەهاوێت، بۆ ئەوە نا سیستم دروست بکات، بەڵکو بۆ ئەوەی هەرچی زووترە بچێتە ڕیزی یەکێک لە کۆمارەکانی مۆزەوە