هێمن بابان
شوقەکانی مامۆستایان و گاڵتەی دەستەی وەبەرهێنان
2026-10-03
شوقەکانی مامۆستایان و گاڵتەی دەستەی وەبەرهێنان
هێمن بابان
شوقە نوێیەکانی شاری مامۆستایان، ساڵی ٢٠٢١ کرایەوە و لەوێ شوقەیەکم کڕی و ماڵەکەم گواستەوە بۆ ئەوێ.
لە مانگەکانی سەرەتادا، تەنیا شوقەکەی من کێشەی کەمئاویی هەبوو، سەرەتا گوتیان بۆڕی ئاو پێچەوانە بەستراوە و دەبێت ئاو لە سەرەوە بگاتە خوارەوەی شوقەکە و بۆڕییەکەی ئاو پڕ بێت، ئینجا ئاو دەگاتە شوقەکەی تۆ.
چەند جارێک گلەییم کرد و سکاڵام لە دەستەی وەبەرهێنان تۆمار کرد، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی هەولێر، سامان عارەب تەلەفۆنی بۆ کردم، گوتی بەڵێن بێت ئەگەر پێویستی بە بۆڕی گۆڕین و هەڵوەشاندنەوەش بێت بۆت دەکەین.
دوای ئەوە کێشەکە هەر بەردەوام بوو، هێندە گلەییم کردبوو، وایلێهاتبوو محەمەد شوکری و سامان عارەب وەڵامی تەلەفۆنەکەی منیان نەدەدایەوە، بۆیە ڕاهاتبووم، بەیانییان بە ئاوی ناو دەبەکان دەست و دەم و چاوم دەشوشت و ڤیدیۆکەم تۆمار دەکرد و بۆ هەردووکیانم دەنارد. لە یەکێک لە نامەکانی واتسئەپ کە گوتم سکاڵاکە دەگەیەنمە لای سەرۆکی حکوومەت، کەچی سامان عارەب ئیمۆجی پێکەنینی بۆم دانا.
دوای ئەوە لەکاتب عدل، هۆشدارییەکم بە پڕۆژەکەدا و دوای دوو ڕۆژ یەکێک وەک خاوەنی پڕۆژەکە پەیوەندی پێوەکردم و گوتی لیژنەیەک دەنێرین.
لیژنەکە ( مهندس دەشتی و مهندس نەدوە) بوون، کێشەکە ئەوەبوو، کاتی ئاو نەهاتنەکە، لە چواری بەیانی بۆ نۆی بەیانی بوو. لیژنەکە کاتژمێر یازدەی نیوەڕۆ دەهات و دەیگوت کێشەی نیە، دەمگوت ئەوە کاتژمێر هەشت تەلەفۆنی کابرای ئاوبارم کردووە ناوی کاک ئارامە و لەبەردەمی ئەوان دیسان پەیوەندییم بە ئارام دەکرد و دەهات دەیگوت ئەرێوەڵا، هێمن سەعات هەشت تەلەفۆنی کردم و هاتم و ئاو نەدەهات. کەچی هەر چارەسەر نەبوو. ( هەموو جاریش لە دەرگای دوو دراوسێیان دەدا و پرسیاری ئاویان دەکرد، دراوسێکان دەیانگوت کێشەمان نیە - کێشەکە تەنیا لە شوقەکەی من بوو)
ئەمجارە چوومە دادگا و لەوێ دوو سکاڵای وەبەرهێنان و هۆشدارییەکی کاتب عدلم هاوپێچ کرد و داوای چارەسەری کێشەکەم کرد، منیان ناردە ژوورێک کە سکاڵاکەت لێ وەردەگرێت و دەیباتە لای دادوەر.
سکاڵاکەیان بردە ژووری دادوەر و کابرا هاتە دەرەوە گوتی کاکە، حاکم دەڵێت ئەگەر بەهۆی کێشەکەوە ئاوی کڕیووە ئەوا پسوولەی ئاو کڕینەکە هاوپێچ بکات و مافی خۆی وەردەگرێتەوە، ئەگەرنا دادگا ناتوانێت بۆڕی ئاو بگۆڕێت.
گوتم کاکە یەک تانکی هاوبەش هەیە بۆ تاوەرەکە، تانکەری ئاو بانگ بکەم لە کوێی بەتاڵ بکەم؟ کێشە لە تانکیی نیە، کێشە لە بۆڕییە.
گوتی هیچ ناکرێت.
هەر ئەو ڕۆژەی لە دادگا هاتمە دەرەوە و بارهەڵگرێکم هێنا و ماڵەکەم گواستەوە بۆ خانوویەکی کرێ و شوقەکەشم فرۆشت و لە هەشتی حەسارۆکان زەوییەکم پێ کڕی، (باوەڕکەن خەمی بێ خەدەماتی هەشتی حەسارۆکان خۆشترە لەو خەدەماتەی شاری مامۆستایان)
لە ڕاستیدا، ئەم پڕۆژەیە هێندە بێ سەروبەرە، کەس بە کەس نیە. کۆمەڵێک کێشە و گرفتی دیکەی هەیە هەر کارەساتە.
ئەمە چوارەم جارە ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لەم پڕۆژەیە ڕوودەدات و هیچ سیستەمێکی ئاگرکوژێنەوەش کاری نەکردووە. ئەو دوو ساڵەی لەوێش بووم، بەردەوام لە کۆی دوو مصعدی، دانەیەک لەکار کەوتبوو، دانەیەکیش بە نۆ ئایەتلکورسی دەبردیە ماڵەوە